دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید؛ دۆسیەیەکی کۆن و سزایەکی نوێ

١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١١:٠٥ پێش نیوەڕۆ

دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید؛ دۆسیەیەکی کۆن و سزایەکی نوێ

په‌نجه‌ره‌

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە تۆمەتی هەڕەشەکردن کە مێژووەکەی بۆ 6 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، شەوی ڕابردوو دەستگیر کرا و سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

لە ساتە هێمنەکانی شەودا، کاتێک زۆربەی شار خەریکی پشوودان بوو، گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی بووە گۆڕەپانی ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو. هێزێکی ئەمنی، بە فەرمانی دادگا، چونە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و بازرگانی دیاری شارەکە و دەستگیریان کرد.

سەرەتا دەنگۆی "ڕاگرتن" بڵاو بووەوە، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی خێرادا لە نیوەشەودا، هەموو گومانەکانی ڕەواندەوە و ڕایگەیاند: "دەستگیرکردنەکە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگایە." بڕیارێک کە پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی کۆن هەڵدایەوە و سزایەکی نوێی بۆ یەکێک لە "مشتومڕاویترین کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێم" هێنایە ئاراوە.


پرسیار و گومانەکان: بۆچی لەم کاتەدا و بەم شێوەیە؟

جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کە نزیکەی هەفتەیەک دوای دەرچوونی لە دادگای کەتن دێت، چەندین پرسیاری دروست کردووە، بەتایبەت کە لە کاتێکی درەنگی شەودا ئەنجام درا. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شاسوار عەبدولواحید لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سلێمانی نەبووە و بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی خۆی تۆماری کردبوو، وا دەردەکەوێت لە بەغدا بووبێت.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری کاتی دەستگیرکردنەکەدا وتی: "پۆلیس هەر کاتێک بە گونجاوی بزانێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا، کارەکەی ئەنجام دەدات."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ- شاسوار عەبدولواحید لە بڕیاری دەستگیرکردنەکەی ئاگادار بووە، هەربۆیە پێش ئەوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کردبوو کە دواتر لە کەناڵەکانی سەر بە خۆیەوە بڵاوکرایەوە.

لە ڤیدیۆکەدا، ئۆباڵی دۆسیەکە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات و بە "هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن" لە خۆی و جووڵانەوەکەی ناوی دەبات، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە "بەبێ ئەویش، نەوەی نوێ بەردەوام دەبێت."

وێنه‌یه‌ك له‌ نوسراوى بڕیاری سزادانى شاسوار عه‌بدولواحید له‌لایه‌ن دادگاى كه‌تنى 2ـى سلێمانییه‌وه‌

 

پاشخان: کاتێک هاوڕێکان دەبنە نەیار

بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی شەوی ڕابردوو، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بەهاری پڕ لە گرژیی ساڵی 2019. لەو کاتەدا، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی نوێ خۆی ناساندبوو، تووشی زەمینلەرزەیەکی سیاسیی ناوخۆیی بوو.

له‌ 21ـى نیسانی 2019، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد. بەیاننامەکە، هەرچەندە ناوی نەهێنابوو، بەڵام تیرەکانی ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید کردبوو و بە "تاکڕەوی" و "قۆرخکردنی حیزب بۆ بەرژەوەندیی کەسی" تۆمەتباریان کرد.

ئەمە تەنها سەرەتایەکی گەرم بوو. ڕۆژێک دواتر، چوار پەرلەمانتاری جووڵانەوەکە لە پەرلەمانی کوردستان (شادی نەوزاد، کاوە عەبدولقادر، سیروان بابان و مەم بورهان قانع) پشتیوانیی خۆیان بۆ بەیاننامەکە ڕاگەیاند و داوایان کرد کێشەکان بە جددی وەربگیرێن.


بۆمبەکە دەتەقێتەوە: هەڕەشە و کامێرای نهێنی

دوای دوو ڕۆژ، شادی نەوزاد و سیروان بابان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆمبێکیان تەقاندەوە کە میدیاکانی هەرێمی هەژاند. شادی نەوزاد، بە دەموچاوێکی تێکچووەوە، ئاشکرای کرد کە دوای پشتیوانیکردنیان لە هاوڕێکانیان، ڕووبەڕووی "هەڕەشەی شەخسی و زۆر توند" بوونەتەوە.

وتی: "پێیان وتووین ئەگەر بێدەنگ نەبین، ڤیدیۆ و وێنەی دەستکاریکراوی نەشیاومان بڵاودەکەنەوە." بۆ سەلماندنی قسەکانی، وێنەی نامەیەکی هەڕەشەئامێزی نیشانی ڕۆژنامەنووسان دا کە تێیدا نووسرابوو: "چاوەڕوانبە، لەوەش خراپتر دەکەین و فیلمی ڕووتت بڵاودەکەینەوە."

تۆمەتەکان لێرەدا نەوەستان. نەوزاد ئیدعایەکی مەترسیدارتری کرد: "کامێرای چاودێریی نهێنی لەو شوقە و کابینانەدا دانراون کە لە پڕۆژەکانی گوندی ئەڵمانی و چاڤی لاند بۆ مانەوەی کادیر و خۆبەخشانی شارەکانی تر تەرخان کرابوون، بە مەبەستی تۆمارکردنی ژیانی تایبەتییان."

په‌رله‌مانتار شادی نه‌وزاد، له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئه‌و نامه‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌ پیشانى ڕۆژنامه‌نووسان ده‌دات كه‌ بۆی نێردراوه‌

 

ڕێڕەوی یاسایی: لە سکاڵاوە بۆ فەرمانی گرتن

ئەم تۆمەتانە دۆسیەکەیان لە چوارچێوەی سیاسییەوە گواستەوە بۆ هۆڵەکانی دادگا. شادی نەوزاد سکاڵای یاسایی تۆمار کرد و داواکاری گشتیی سلێمانیش هاتە سەر خەت. دادگا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی ئەو ژمارە تەلەفۆنە دەرچوو کە هەڕەشەکەی لێوە کرابوو.

ڕووداوەکان خێراتر بوون: هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکیی نەوەی نوێ و دەستیان بەسەر کۆمپیوتەر و ئامێرەکاندا گرت. زیاتر لە 14 کارمەند و کەسی نزیک لە شاسوار عەبدولواحید دەستگیر کران.

لە 15ـى ئایارى 2019 دادگا فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ركرد، ڕۆژێك دواتر شاسوار عەبدولواحید خۆی ڕادەستی دادگا کرد و بەپێی ماددەی 2ـى یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بۆ ماوەی 14 ڕۆژ ڕاگیرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.

وێنه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى شاسوار عه‌بدولواحید له‌ قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا

 


کۆتایی دۆسیەکە: حوکمێکی شەش مانگی

پاش پێنج ساڵ لە کشان و پشووی دۆسیەکە، دواجار دادگای کەتنی 2ـى سلێمانی لە 4ـى ئەم مانگە، بڕیاری کۆتایی دا. دادگا بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتبار، بڕیاری شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد. سزاکە ئەمجارە لەسەر بنەمای ماددەی 431ـى یاسای سزادانی عێراقی بوو، کە تایبەتە بە "هەڕەشەکردن".

دادگا بڕیاریداوە ئەو 14 ڕۆژەی کە ناوبراو لە ساڵی 2019ـدا بە ڕاگیراوی بەسەری بردبوو، لە سزاکەی کەمی بکاتەوە. هاوکات مافی بە شادی نەوزاد داوە کە لە ڕێگەی دادگای شارستانییەوە داوای قەرەبووی ماددی بکات. هەروەکبەپێی بڕیارەکە  شاسوار عەبدولواحیدیش مافی ئەوەی هەیە لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیارەکە بدات.


ڕەهەندە سیاسییەکەی: ئاگادارکردنەوەی نێردە دیپلۆماسییەکان

بەپێی زانیارییەکانى په‌نجه‌ره‌، دەستگیرکردنەکە تەنها ڕەهەندێکی یاسایی نەبووە، به‌ڵكو بۆ ڕێگریکردن لە لێکەوتەی سیاسی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزی باڵادەستی ئەمنی و ئیداری لە سلێمانی، پێشوەختە نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەی وڵاتانی لە ناوچەکە، لە بوونی بڕیارێکی لەم شێوەیە و ئەگەری جێبەجێکردنی ئاگادار کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی ئەوە بووە کە دۆسیەکە وەک بابەتێکی یاسایی نیشان بدرێت، نەک تسفیە حیساباتی سیاسی.

بەمشێوەیە دۆسیەیەکی هەڕەشەی شەخسی کە شەش ساڵ لەمەوبەر لەناو ململانێی ناوخۆیی حیزبێکدا سەریهەڵدا، ئەمڕۆ بووەتە ڕووداوێکی گەورەی سیاسی کە نەک هەر گۆڕەپانی ناوخۆیی هەژاندووە، بەڵکو ڕەهەندی دیپلۆماسیشی وەرگرتووە و ئاڵنگارییەکی دیکەی ڕووبەڕووی نه‌وه‌ى نوێ و سه‌رۆكه‌كه‌ى کردووەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو