ڕاوی مێشەسی؛ نهێنیی هاتنی شێخە کەنداوییەکان بۆ دەشتاییەکانی  عێراق و کوردستان 

١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٣:٤٧ پاش نیوەڕۆ

ڕاوی مێشەسی؛ نهێنیی هاتنی شێخە کەنداوییەکان بۆ دەشتاییەکانی  عێراق و کوردستان 

پەنجەرە

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا، دەشتاییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە مەیدانی پێشبڕکێی شێخ و ڕاوچییەکانی قەتەر، ئیمارات و سعودیە. ئامانجی سەرەکییان تەنها ڕاوکردنی باڵندەی دەگمەنی 'مێشەسی' (الحبارى) نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی توانای ئەو بازە گرانبەهایانەیە کە وەک نیشانەیەک بۆ شکۆ و خولیایەکی دێرین لەگەڵ خۆیاندا دەیهێنن.

باڵندەی مێشەسی، کە بە جۆرێکی دەگمەن و پارێزراوی باڵندە کۆچەرییەکان هەژمار دەکرێت، لە نێوان مانگەکانی ئەیلوول و کانوونی یەکەمدا لە دەشتاییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت. ئەم ماوەیە بووەتە وادەیەکی دیاریکراو بۆ هاتنی شاندە کەنداوییەکان، کە پەیوەندییەکی تۆکمەیان لەگەڵ ژمارەیەک ڕاوچی و کەسایەتیی ناوچەکەدا دروست کردووە و ئەم ڕاوە بووەتە نەریتێکی ساڵانەیان.

ئەو بازانەی بۆ ئەم ڕاوە بەکاردەهێنرێن، تەنها ئاژەڵی ڕاو نین، بەڵکو سەرمایەیەکی گەورەن. نرخیان زۆر بەرزە و خاوەنی پاسپۆرتی تایبەتی خۆیانن بۆ گەشتکردن. ڕاوی مێشەسی لە بنەڕەتدا نمایشێکە بۆ پیشاندانی لێهاتوویی، خێرایی و توانای ئەم بازانە و خاوەنەکانیان شانازییان پێوە دەکەن.

جاسم محەمەد، یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە شارەزایی لەم بوارەدا هەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ڕاوچییە کەنداوییەکاندا هەیە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ڕاوکردنی مێشەسی بۆ کەنداوییەکان هاوشێوەی ڕاوی تانجییە بۆ خەڵکی خۆمان؛ مەبەست لێی دەرخستنی توانای بازەکەیە، نەک گۆشتەکەی، ئەوان پێویستیان بە گۆشتی ئەو باڵندەیە نییە."

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا، دەشتاییەکانی گەرمیان و ناوچەکانی مەندەلی، بەدرە و جەسان شوێنی سەرەکیی ئەم ڕاوە بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ڕاوچییەکان زیاتر ڕوویان لە پارێزگای ئەنبار (رومادی) کردووە. وەک نموونەیەک وتی: "ساڵی ڕابردوو تەنها لە رومادی نزیکەی 300 باڵندەی مێشەسییان ڕاو کردبوو."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن گۆشتی مێشەسی وەک بەهێزکەرێکی سێکسی بەکاردەهێنرێت و ئەمە هۆکاری ڕاوکردنەکەیەتی، جاسم محەمەد بە توندی ڕەتی کردەوە و وتی: "ئەم قسەیە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە. ئەگەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت لە بازاڕەکاندا بیکڕێت کە نرخی دانەیەکی دەگاتە نزیکەی 200 دۆلار. کەواتە بابەتەکە حەز و خولیا و وەرزشێکی تایبەتە، نەک شتی دیکە."

وێنەی مێشەسی کە لە عەرەبییدا (الحبارى) پێدەوترێت


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو