ئەندامێکی داواکاری گشتی: سزای لەسێدارەدان خەڵک دەترسێنێت تا خۆی لە کوشتن بە دوور بگرێت 

١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٣:٤٨ پاش نیوەڕۆ

ئەندامێکی داواکاری گشتی: سزای لەسێدارەدان خەڵک دەترسێنێت تا خۆی لە کوشتن بە دوور بگرێت 

پەنجەرە

ئەندامێکی داواکاری گشتی رایدەگەیەنێت، هەڵکشانی حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان فرە هۆکارن، بەشێکیان پەیوەندییان بە ناکۆکی و باکگراوەندی کێشەی پێشووترەوە هەیە، بەڵام بەشەکەی تریان کوشتنی کوتوپڕن و لێکەوتەی کێشەیەکن کە لەوکاتەدا ڕوودەدەن.

حاکم بورهان ئەحمەد، ئەندامی داواکاری گشتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "بەشێکی زۆر لە حاڵەتەکانی کوشتن پەیوەندییان بە ناکۆکییەوە هەیە لەسەر زەویوزار، یاخود ناکۆکی کۆمەڵایەتی و کێشەی ناموس، بەڵام ئامارەکانی کوشتن لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە."

دەشڵێت: "زۆرێک لەو کێشانەی کوشتنیان تێدەکەوێت پێشتر چارەسەر نەکراون یاخود هەوڵدراوە و بێ ئەنجام بووە، بەشێک لە کوشتنەکانیش لە نێو خێزان و کەسوکاری یەکتریدا ڕوودەدەن."

زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەی لەسەر ئاستی شەقام هەبووە، بەشێک لە هاوڵاتییان پێیانوایە دەربازبوونی "تاوانبار" لە رێگەی پێکهاتنی کۆمەڵایەتی و دەستوەردان لەکاروباری یاسا وایکردووە ڕوودانی تاوان زۆر ببێت.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، کوشتنی سێ کەس لە بانزینخانەیەکی هەولێر لەلایەن گەنجێکەوە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بە دوای ئەو ڕووداوەشدا، حاڵەتێکی تری کوشتن بە ناوچەی گەرمیان تۆمار کرا. 

بەشێک لە حاڵەتەکانی کوشتن گرێدراون بە ناکۆکی پێشوەختەوە، بەڵام بەشێکی تریان بەهۆی ڕوودانی شەڕو دەمەقاڵەوەن کە لەوکاتەدا ڕوودەدەن و لایەکیان پەنا بۆ چەک دەبات.

حاکم بورهان ئەحمەد، دەڵێت: "ئەگەر کەسێک بە هۆی ڕووداوێکی کوتوپڕەوە کەسێک بکوژێت، جا ڕووداوەکە دەمەقاڵە بێت یان کێشەیەکی کوتوپڕ و کۆمەڵێک زروفی تێدا بێت، ئەوا ماددەی 405 دەیگرێتەوە و سزاکەی زیندانیکردنی هەمیشەییە."

دەشڵێت: "خۆ ئەگەر ڕووداوی دەمەقاڵە و کێشەی کوتوپڕ، قوربانی زیاتری لە یەک کەس تێدا بێت، ئەوا ماددەکەی دەگۆڕێت بۆ 406 و سزاکەی لە سێدارەدانە."

ئەو ڕووداوەکەی لە بانزینخانەیەکی هەولێر ڕوویدا، کێشەکە کوتوپڕ بوو، بەڵام تۆمەتبارەکە زیاتر لەکەسێکی کوشت، بۆیە ماددەی 406 و سزای لەسێدارەدان دەیگرێتەوە.

جەختیشیکردەوە: "ئەو کەسانەی کەسێک دەکوژن یاخود زیاتر و پێشتر پلانیان بۆ کوشتنەکە داناوە، ئەوا ماددەی 406 دەیانگرێتەوە و سزاکەی لەسێدارەدانە."

بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان، سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، بەشێک لە هاوڵاتییان هۆکاری زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن بۆ ئەمە دەگێڕنەوە.

حاکم بورهان وتی: "سزای لە سێدارەدان خەڵک دەترسێنێت تا خۆی لە کوشتن بەدوور بگرێت، ڕوویداوە کچ و کوڕ هەردووکیان بە تاوانی کوشتن سزا دراون، کەچی لە زیندان هاوسەرگیرییان پێکهێناوە."

هەروەها وتیشی: "لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتوو تا ئێستا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکرێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو