دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید؛ ڕێكاری یاسایی یان یەکلاکردنەوەی حیساباتی سیاسی؟
١٣ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
دهستگیركردنى شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوهنكاری ناسراوى سلێمانى، بوو به ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو کە شەقامی کوردی دابەش کردووە لە نێوان دوو بۆچووندا: ئایا جێبەجێکردنی یاسایە یان سیناریۆیەکی سیاسیی نوێیە؟
کێشە یاساییەکان؛ دۆسیەیەک لەناو دەیاندا
شاسوار عەبدولواحید، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان. ئەو وەک بزنسمانێک بە پڕۆژەکانی "چاڤی لاند" و "گوندی ئەڵمانی" ناوبانگی دەرکرد و دواتر بە دروستکردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی بوێر و ڕەخنەگر لە دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆی ناساند.
بەپێی زانیارییەکانى پهنجهره، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر پێنج دۆسیە، کە دیارترینیان دۆسیەی هەڕەشەکردن بوو لە شادی نەوزادی پەرلەمانتاری پێشووی جوڵانەوەکەی، دەستگیرکرا. بەڵام ئەمە تەنها سەری داوەکەیە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەبدولواحید ڕووبەڕووی نزیکەی 67 دۆسیەی یاسایی بووەتەوە، کە سکاڵای جۆراوجۆری لەسەرە؛ لە کێشەی پشکەکانی چاڤی لاندەوە بگرە، تا دەگاتە سکاڵای کارمەندانی پێشووی کەناڵی نالیا و ناکۆکی لەگەڵ پەرلەمانتارە جیابووەوەکانی جووڵانەوەکەی.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کۆی ئەم دۆسیانە، تەنها پێنج دۆسیە لە ئێستادا "جوڵێنراون". شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم هەنگاوە بە وردی دیراسە کراوە؛ هەڵبژاردنی دۆسیەی هەڕەشەکردن لە ژنێک (شادی نەوزاد) و کێشەی کارمەندانی میدیایی، لەوانەیە بۆ ئەوە بێت کە ڕەهەندێکی مرۆیی و ناوخۆیی بە کێشەکان ببەخشرێت و لە چاوی ڕای گشتی و ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە وەک "دۆسیە دروستکردنێکی سیاسیی ڕووت" دەرنەکەوێت.
پەنجەرە هەوڵیدا پەیوەندی بە ڕێبوار عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە بەغدا بکات، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
سیناریۆ یان هەنگاوێکی جدی؟
دەستگیرکردنی سەرۆکی نەوەی نوێ، پرسیارێکی گەورەی لە شەقامی کوردیدا دروستکردووە: ئایا ئەمە نمایشێکە و بە زوویی کۆتایی دێت، یان دەسەڵات ئەمجارە لە بڕیارەکەی جددییە؟
دۆسیەکە زۆر جدییە و دەسەڵات نیازی نییە بە ئاسانی ئازادی بکات
لایەنگرانی نەوەی نوێ و خودی جووڵانەوەکە پێیان وایە ئەمە دۆسیەیەکی سیاسییە و بۆ لاوازکردنی پێگەی ئۆپۆزسیۆنیانە. ڕێبوار عەبدولڕەحمان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید سیاسییە و یاسایی نییە."
بەڵام سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "دۆسیەکە زۆر جدییە و دەسەڵات نیازی نییە بە ئاسانی ئازادی بکات، مەگەر لە ژێر فشاری دەرەکی یان کردنی تەنازولی گەورەدا نەبێت."
هەمان سەرچاوە جوڵاندنی دۆسیەکە لەم کاتەدا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە:
نزیکبوونەوەی لە هێزە ئیقلیمییەکان: هەوڵەکانی شاسوار عەبدولواحید بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان، نیگەرانی لای هێزە حوکمڕانەکان دروست کردووە.
دروستکردنی بەرەیەک لە سلێمانی: هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هێزە ناڕازییەکان لە سلێمانی لە دژی دەسەڵاتی باڵادەستی یەکێتی.
یەکێتی و پارتی لە هەوڵدان بۆ لێکترازاندنی ئۆپۆزسیۆن مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە
لە ڕووی یاساییشەوە، ئازادکردنی ئاسان نابێت و پێویستی بە تانەدان لە بڕیارەکە و کردنەوەی دانیشتنی نوێی دادگا هەیە.
ترسی گەورەی نەوەی نوێ؛ پەرتکردنی فراکسیۆنەکە
لە پشتی پەردەی دەستگیرکردنی سەرۆکەکەیانەوە، ترسێکی گەورەتر ڕووی لە نەوەی نوێ کردووە. بەپێی زانیارییەکان، نیگەرانیی سەرەکیی جووڵانەوەکە لەوەیە کە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ هەوڵدان بە ئامانجی پەرتکردن و لێکترازاندنی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق.
ئەم ترسە لە بۆشاییەوە نەهاتووە. پێشینەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) لە هەوڵدان بۆ لێکترازاندنی فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕاکێشانی پەرلەمانتارەکانیان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. سەرچاوە ئاگادارەکەش بەدووری نازانێت کە هەنگاوی داهاتوو، هەوڵدان بێت بۆ قایلکردنی هەندێک لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بۆ جیابوونەوە، بەمەش گورزێکی کوشندە لە جووڵانەوەکە دەدرێت.
چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید و ئایندەی جووڵانەوەکەی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوونتر دەبێتەوە و دەردەکەوێت کە ئایا یاسا سەروەرە یان ململانێی سیاسی براوەی کۆتایی دەبێت.