نەوتی هەرێم؛ دوو زۆنی جیاواز، دوو چارەنووسی پێچەوانە
١٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٠١ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
کێڵگە نەوتییەکانی سنوورى ژێر دەسەڵاتی پارتی لە گەشەسەندندان و ئەوانەی لای یەکێتی ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی بەرچاو بوونەتەوە، لەکاتێکدا بهپێچهوانهوه كێڵگه گازییهكانى سنووری ژێر دهسهڵاتى یهكێتى له ئاستى عێراقیشدا یهكهمن.
وێنەی گشتیی کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، وێنەیەکی دووفاقییە کە چیرۆکی دوو چارەنووسی جیاواز دەگێڕێتەوە. لە کاتێکدا کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیداریی پارتی دیموکراتی کوردستان (زۆنی زەرد) بەردەوامن لە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانێکی بەرز، کێڵگەکانی سنووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (زۆنی سەوز) ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی مەترسیدار و دابەزینێکی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنان بوونەتەوە. ئەم جیاوازییە گەورەیە پرسیاری جددی لەسەر شێوازی ئیدارەدان، سیاسەتی وزە و دابەشبوونی جوگرافیای سیاسیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.
زۆنی سەوز؛ پاشەکشەی بەرهەم و پەراوێزخستنی کێڵگەکان
کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ئیدارەی یەکێتی، کە بریتین لە کێڵگەکانی حەسیرە لە گەرمیان، تەقتەق و چیاسورخ، لە دۆخێکی نالەباردان. کۆی گشتیی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگانە بە زەحمەت دەگاتە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوت.
ئەم ژمارەیە بەراورد بە ڕابردوو، دابەزینێکی دراماتیکی نیشان دەدات:
کێڵگەی حەسیرە: کە لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسییەوە کاری تێدا دەکرێت، پێشتر توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 30 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەبوو، بەڵام ئێستا بەرهەمەکەی بۆ نزیکەی 7 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
کێڵگەی تەقتەق: کە ڕۆژانێک بە هیوای کەرتی نەوتی هەرێم دادەنرا و لەلایەن کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجییەوە پەرەی پێدەدرا، ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی تەنها نزیکەی 3 هەزار بەرمیلە. ئەم کێڵگەیە بەهۆی کێشەی جیۆلۆجی و نەبوونی وەبەرهێنانی پێویستەوە تووشی ئەم پاشەکشەیە بووە.
کێڵگەی چیاسورخ: دۆخەکەی لە هەمووان خراپترە؛ کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی بە کردەوە دەستی لێ هەڵگرتووە و ئێستا تەنها بڕێکی کەم ئاوی تێکەڵ بە نەوتی لێ دەردەهێنرێت کە بەهایەکی ئەوتۆی نییە.
دانا نەقی، ڕاوێژکاری بواری نەوت، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە، دەڵێت: "لە ڕووی گەشەپێدانەوە، کێڵگە نەوتییەکانی سنووری سلێمانی بە بیست ساڵی تریش ناگەنە ئاستی ئەوانەی سنووری هەولێر و دهۆک، چونکە بە شێوەیەکی سیستماتیک پەراوێزخراون و گرنگیی سەرەکی بە کێڵگەکانی ئەو دیو دراوە."
ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە "گەشەپێدان و فراوانکردنی کێڵگەکانی وەک حەسیرە و کێڵگە نەدۆزراوەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە، پێویستی بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەیە."
زۆنی زەرد؛ بەرهەمی بەرز و ئامادەیی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان
بەرپێچەوانەی زۆنی سەوز، کێڵگەکانی سنووری هەولێر و دهۆک چیرۆکێکی جیاوازی سەرکەوتن دەگێڕنەوە. کێڵگەکانی وەک خورمەڵە، شێخان، سەرسەنگ، تاوکێ، فیشخاپور، ئەتروش و ئاکرێ-بجیل، بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
بەپێی زانیارییەکان، کۆی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگانە لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت. ئەم ڕێژەیە پێشتر و بەر لە زیادبوونی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەی خورمەڵە، نزیکەی 230 هەزار بەرمیل بووە. ئەمەش دەریدەخات کە زیاتر لە 95%ـى کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم، لەم کێڵگانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕەهەندی سیاسی؛ ڕووسیا لە سلێمانى، ئەمریکا و ئەوروپا لە هەولێر
ئەم دابەشبوونە جوگرافییە تەنها لە ئاستی بەرهەمهێناندا نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی سیاسیی قووڵیشی هەیە. گەورەترین کۆمپانیای کارا لە زۆنی سەوز، گازپرۆمی ڕووسییە، لە کاتێکدا زۆربەی کۆمپانیا کاریگەرەکانی زۆنی زەرد، کۆمپانیای ئەمریکی و ئەوروپین، وەک: Hess Corporation, Genel Energy, DNO, HKN و چەندانی تر.
دانا نەقی لەمبارەیەوە دەڵێت: "کێڵگەکانی سنوری سلێمانی دراوە بە کۆمپانیای روسی و ئەوانەی هەولێرو دهۆک دراون بە کۆمپانیای ئەمەریکی و ئەوروپی، ئەمەش لەڕووی سیاسییەوە رەهەندی هەیە."
غاز؛ کارتی براوەی زۆنی سەوز
سەرەڕای پاشەکشەی لە کەرتی نەوتدا، زۆنی سەوز خاوەنی گەورەترین و گرنگترین سامانی غازی سروشتیی هەرێمی کوردستانە. کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، کە لەلایەن کۆنسۆرتیۆمی (Pearl Petroleum)ـەوە بەڕێوەدەبرێت كه هاوپهیمانی نێوان ههردوو كۆمپانیای دانه غاز و نهفت هیلالی ئیماراتى و ههرسێ كۆمپانیای ئهوروپی (OMV و MOL و RWE)ـین، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم.
بەپێی ئامارەکان، ڕۆژانە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت، لەگەڵ زیاتر لە 15 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت (نەوتی سووک) کە لە پیشەسازیی پترۆکیمیایی و بەرهەمهێنانی بەنزیندا بەکاردێت.
لێرەشدا دانا نەقی ڕوونکردنەوەی تەکنیکی دەدات و دەڵێت: "ئەو غازەی لە کۆرمۆر بەرهەم دێت غازی شلی LPG یە، کە جیاوازە لە غازی سروشتیی شلکراوەی LNG. بەرهەمهێنانی LNG زۆر ئاڵۆزتر و تێچووی زیاترە."
لەبەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بۆ گەشەپێدانی کێڵگە غازییەکانی سنووری هەولێر و دهۆک، بەڵام تا ئێستا کۆرمۆر وەک گەورەترین و ستراتیژیترین کێڵگەی غازی هەرێم ماوەتەوە.
بەم شێوەیە، نەخشەی وزەی هەرێمی کوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا: زۆنێک بە نەوتی زۆر و غازی کەمەوە، و زۆنێکی تر بە غازی زۆر و نەوتی کەمەوە؛ هاوکێشەیەک کە چارەنووسی ئابووری و سیاسیی داهاتووی هەرێم دیاری دەکات.