تاران خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات؛ دهیهوێت بهرهى عێراق توندوتۆڵ بكات و "مهترسی كورد" خهفه بكات
١٦ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٥٣ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
نیشانەکان و جووڵە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی ئاستبەرزی ئەم دواییە، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل ئامادە دەکات. وهك ههمیشهش پرسیاری ئهوه دێته ئاراوه: ئایا پریشكی ئاگرهكه بهر ههرێم دهكهوێت؟
توندکردنی ڕێوشوێنەکان لە عێراق
یەکێک لە دیارترین جووڵەکانی ئێران لە عێراقدایە، کە وەک قووڵاییەکی ستراتیژی بۆی هەژمار دەکرێت، سەردانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای ئێرانه بۆ بەغدا، لەوانە عەلی لاریجانی، لهمچوارچێوهیهدا دهبینرێت.
ئێران له نوێکردنەوە و جەختکردنەوە لەسەر لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئامانجێکی ڕوونی پیشان دا: کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو هەڕەشانەی کە لەوانەیە لە خاکی عێراقەوە ڕووبەڕووی ببنەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە عێراق کە ئاگاداری وردەکاریی گفتوگۆکانە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئێران پێیوایە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی حەتمییە و تەنها کاتی دەوێت، بۆیە دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی هیچ جموجۆڵێکی چەکداری، بەتایبەت لەلایەن حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، لە سنوورەکان ڕوونادات."
ئەم لێکتێگەیشتنە ئەمنییەى ئێران و عێراق نوێ نییە، بەڵکو درێژکراوەی ڕێککەوتننامەی ئازاری 2023ـیه کە عێراقی پابەند کردبوو بە چەکداماڵین و دوورخستنەوەی ئەو حزبانە لە سنوورەکان.
سەرچاوەکان لەنێو حزبە کوردییەکانی ئێران بۆ پهنجهره، نایشارنەوە کە فشارەکان بۆ سەریان لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە "زیادیکردووە و چاودێرییەکان وردتر بوونەتەوە"، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە کۆتاییان بە هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری لە ناوچە سنوورییەکان هێناوە.
لوبنان و پەیامی حیزبوڵڵا
هاوکات لەگەڵ جووڵەکانی عێراق، ئاڵۆزییەکانی لوبنان و سووربوونی حیزبوڵڵا لەسەر ڕەتکردنەوەی چەکدانان، بەشێکی دیکەی ستراتیژییەکەی ئێرانە.
لەنێوخۆی ئێراندا ئاڕاستەکان بۆ ئهنجامدانى شهڕ یەکگرتوو نین
حیزبوڵڵا کە بەهێزترین و نزیکترین هاوپەیمانی ئێرانە لە ناوچەکە، به فهرمی چهكدانانى رهد كردهوه كه حكومهتى لوبنانی بڕیاری لێدابوو. ئهمهش به كارا هێشتنهوهى هێڵێكى ترى بهرگرى ئێران دهزانرێت لهكاتى هێرشی ئیسرائیل بۆسهر ئهو وڵاته.
دەنگێكی جیاواز لە تاران
بنەمای سەرەکیی ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. مەرجی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێستا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ هەر گفتوگۆیەک، دەستبەرداربوونی تەواوەتیی ئێرانە لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی بەرز و ڕێگەدان بە پشکنینی بێ مەرجی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. ئەمەش خاڵێکە کە تاران تا ئێستا قبووڵی نەکردووە.
هاوشان لهگهڵ ئهگهرى دووباره دهستپێكردنهوهى شهڕ، لەنێوخۆی ئێرانیشدا ئاڕاستەکان یەکگرتوو نین. لە کاتێکدا سوپای پاسداران و باڵی توندڕەو خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکەن، مەسعود پزیشکیانى سەرۆک کۆمار، بە وتارێکی جیاواز دەرکەوت.
لێدوانەکانی ئەم دواییەی کە تێیدا وتی "دانوستان بە واتای تەسلیمبوون نییە" و پرسیاری ئەوەی کرد "ئەگەر دانوستان نەکەیت، دەتەوێت بجەنگیت؟ لێیانداین و جارێکی تر لێمان دەدەنەوە"، ئاماژەیە بۆ بوونی ڕەوتێک لەنێو دەسەڵاتدا کە خوازیاری چارەسەری دیپلۆماسی و دوورکەوتنەوەیە لە شەڕێکی گشتگیر. بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەم دەنگە چەندە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاری کۆتایی ڕێبەری باڵای ئێران هەبێت.
نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان
لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نیگەرانییەوە سەیری دۆخەکە دەکات.
کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" كه كهناڵێكى فارسی زمانه و بارهگاكهى له لهندهنه و به كهناڵی "ئۆپۆزسیۆن"ـى ئێرانیی ناودهبرێت، له ڕاپۆرتێکیدا بهم دواییانه ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێم کردبوو، لە کاتی دروستبوونی شەڕدا.
ناردنی هێزى ئێرانى بۆ قووڵایی هەرێم ئەگەرێکی دوورە
سەرچاوە باڵاکەی عێراق كه بۆ پهنجهره قسهى كرد، ئەو زانیارییانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: "لە ئەگەری شەڕێکی گەورەدا، ئێران هێزی سەربازیی خۆی لەسەر سنوورەکان کۆدەکاتەوە و دەروازەکان کۆنترۆڵ دەکات بۆ ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی نەخوازراو، بەڵام ناردنی هێز بۆ قووڵایی خاکی هەرێم ئەگەرێکی زۆر دوورە لە ڕاستییەوە و دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی دیکە کە ئێران لەم کاتەدا پێویستی پێی نییە."
شهڕ یان ئاشتى؟
ئێران لە دۆخی خۆئامادهكردن دایه، هاوكات هەوڵدەدات لە ڕێگەی فشار و دیپلۆماسییشەوە بەرەی ڕۆژئاوای خۆی لە عێراق دابخات و لە ڕێگەی حیزبوڵڵاشەوە پەیامی هۆشداری بۆ ئیسرائیل بنێرێت.
لە کاتێکدا کە جیهان چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی ئیسرائیل و ئێران دەکات، داهاتووی ناوچەکە و لهنێویشیدا ههرێمى كوردستان، بەستراوەتەوە بەوەی کە ئایا دەنگی لۆژیک و دانوستان زاڵ دەبێت، یان دەنگی تەقینەوە و جەنگ.