چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید لە بەردەم دادگادا؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ دادگا بڕیار ده‌دات

١٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٣٣ پاش نیوەڕۆ

چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید لە بەردەم دادگادا؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ دادگا بڕیار ده‌دات

په‌نجه‌ره‌

چاوەکان لەسەر دادگای سلێمانین، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە (21ـى ئابی 2025)، بڕیارێکی چارەنووسساز لەبارەی دۆسیەی یاسایی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان، دەربکرێت. ئەم دانیشتنەی دادگا نەک تەنها چارەنووسی ئازادیی خودی عەبدولواحید دیاری دەکات، بەڵکو ڕەنگە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی سیاسیی جوڵانەوەکەشی هەبێت.

عەبدولواحید، کە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بە فەرمانی دادگا و لەسەر بنەمای سکاڵایەکی شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، دەستبەسەر کراوە، ڕووبەڕووی سزای شەش مانگ زیندانیکردن بووەتەوە. 

سزاکە پێشتر و بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە تۆمەتی "هەڕەشەکردن" لە پەرلەمانتارە ناوبراوەکە دەرچووە، بەڵام تانەی لێدراوە و ئێستا دۆسیەکە لە قۆناغی تێهەڵچوونەوە (تەمیز) دایە.


پێنجشەممە؛ سێ سیناریۆ لەبەردەم سەرۆکی نەوەی نوێدا

بەپێی زانیارییەکان، دادوەر لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەدا لەبەردەم سێ ئەگەری سەرەکیدایە کە هەر یەکێکیان ئاڕاستەی دۆسیەکە بە تەواوی دەگۆڕێت:

پشتڕاستکردنەوەی سزا: دادوەر بڕیاری پێشووی دادگا پەسەند بکات و سزای شەش مانگ زیندانیکردنەکە جێگیر بکات. لەم حاڵەتەدا، شاسوار عەبدولواحید لە زیندان دەمێنێتەوە تا تەواوکردنی ماوەی سزاکەی.

ئازادکردن بە کەفالەت: دادوەر بڕیار بدات بە کردنەوەی دۆسیەکە و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ دادگاییکردنەوەی عەبدولواحید بە ئامادەبوونی خۆی. لەم ئەگەرەدا، تا کاتی دانیشتنی داهاتوو بە دانانی کەفالەت ئازاد دەکرێت.

هێشتنەوە لە زیندان تا دادگاییکردنەوە: وەک ئەگەری دووەم، دادگا ڕۆژێکی تر بۆ دادگاییکردن دیاری بکات، بەڵام تا ئەو کاتە عەبدولواحید لە زینداندا بهێڵێتەوە.


دۆسیەیەک لەناو دەیان دۆسیەی تردا

کەیسی سکاڵاکەی شادی نەوزاد تەنها یەکێکە لە زنجیرەیەک کێشەی یاسایی کە ماوەیەکە ڕووبەڕووی سەرۆکی نەوەی نوێ بوونەتەوە. جگە لەم دۆسیەیە، لە ئێستادا لانی کەم سێ سکاڵای دیکە جوڵێنراون:

دڕاندنی فلێکسی بانگەشە: سکاڵایەک لەسەر دڕاندنی فلێکسێکی یەکێک لە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نزیک گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی.

دژایەتیی کەرەنتینە: سکاڵایەکی سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە تێیدا عەبدولواحید بە دژایەتیکردنی ڕێکارەکانی کەرەنتینە تۆمەتبار کراوە.

ناوزڕاندن: سکاڵایەکی دیکەی کاندیدێکی پارتی لەسەر لێدوانێکی عەبدولواحید کە وتبووی: "ئەوەی کەرامەتی هەبێت نابێتە کاندیدی دەسەڵات."

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ كه‌ بۆ په‌نجه‌ره‌ قسه‌ى كرد و ئاماده‌ نه‌بو ناوی ئاشكرا بكرێت، باسی لە ئامادەکردنی سێ سکاڵای دیکەش كرد کە دوانیان پەیوەستن بە هاندانی خۆپیشاندەران لە کەلار و هەڵەبجە، لەگەڵ سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.

 

ژمارەی دۆسیە یاساییەکانی سەر شاسوار عەبدولواحید دەگاتە 67 دۆسیە

 

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی دۆسیە یاساییەکانی سەر شاسوار عەبدولواحید دەگاتە 67 دۆسیە، کە بەشێکیان پەیوەندییان بە کێشەی پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاندەوە هەیە.

لە بەرامبەردا، سەرچاوە باڵاكه‌ى نێو جووڵانه‌وه‌ى نەوەی نوێ، جەخت دەکاتەوە کە دۆسیەی پشکەکان "پێشتر لە دادگا یەکلایی کراونەتەوە."


قەرزە قورسەکەی نالیا و گوشاری حکومەت

جیا لە کێشە یاساییەکان، شاسوار عەبدولواحید وەک خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا، ڕووبەڕووی فشارێکی دارایی گەورەش بووەتەوە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی سلێمانی/2، کە وێنەیەکی دەست پەنجەرە کەوتووە، کۆمپانیای نالیا بڕی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 660 هەزار و 350 دینار قەرزاری بانکی سلێمانی/1 (سەر بە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم)ـە.

ئەم قەرزە کە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی چاڤیلاند وەرگیراوە و تائێستا نەدراوەتەوە، وایکردووە بانکەکە داوای یاسایی تۆمار بکات و داوای دەستبەسەرداگرتن (حجز)ی سەرجەم موڵک و ماڵی کۆمپانیاکە بکات. بەپێی نووسراوەکان، کە مێژووەکانیان بۆ ئەیلوولی 2024 و شوباتی 2025 دەگەڕێتەوە، بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەکەی نەوەی نوێ لەمبارەیەوە دەڵێت: "ژمارەیەک موڵکی نالیا دەستی بەسەردا گیراوە، دەتوانرێت ئەو موڵکانە لەبری قەرزەکە بفرۆشرێن."


باکگراوەندی سیاسی: ململانێی یاسا و سیاسەت

شاسوار عەبدولواحید، کە لە بازرگانێکی دیارەوە بووە سەرکردەیەکی سیاسیی، بە دامەزراندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خستنەڕووی گوتارێکی جیاواز و ڕەخنەگرانە بەرامبەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم (پارتی و یەکێتی)، توانی پێگەیەک بۆ خۆی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات.

لایەنگرانی بەردەوام ئەم دۆسیە یاساییانە وەک "فشاری سیاسی" و "هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن" وەسف دەکەن. لە بەرامبەردا، نەیارانی و لایەنە حکومییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم کەیسانە ڕەهەندی یاساییان هەیە و دەبێت هەموو کەسێک لەبەردەم یاسادا یەکسان بێت.

بەمشێوەیە ڕۆژی پێنجشەممە تەنها ڕۆژێکی یاسایی و ئاسایی نابێت بۆ شاسوار عەبدولواحید، بەڵکو وەرچەرخانێکی گرنگ دەبێت کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئایندەی یەکێک لە جوڵانەوە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکاندا دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو