تائێستا شێروان شێروانى لەسەر 3 دۆسییە سزا دراوه و دهویسترێت دۆسیهى چوارهمیشی بۆ بكرێتهوه
١٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٤٢ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره، فەرمان سادق
دواى سزادانهكهى ئهمڕۆ، ڕۆژنامهنووس: شێروان شێراوانى، تائێستا به سێ تاوان سزا دراوه و بهوتهى پارێزهرهكانیشی ئهگهرى ئهوهى ههیه دۆسێیهكى تریشی له دژ بكرێتهوه.
ئەمڕۆ سێشەممە (19ـى ئابی 2025)، دادگای کەتنی بنەسڵاوە لە هەولێر، بهتۆمهتى ههڕهشهكردن سزای 4 ساڵ و 5 مانگ زیندانیکردنی بەسەر ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو: (شێروان شێروانی)یدا سەپاند.
وردەکاریی سكاڵاكه
دادگاییکردنی شێروان شێروانی لەسەر سکاڵای ڕائیدی زێرەڤانی: (دڵدار ماهیر زوبێر) بەڕێوەچوو. سکاڵاکار ئیدعای ئەوەی کردبوو کە شێروانی لەناو زیندانی چاکسازیی گەورانی هەولێر "هەڕەشە"ی لێکردووە، تۆمەتێک کە شێروانی لە بەردەم دادوەردا بە توندی ڕەتیکردەوە.
دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش بە سەرۆکایەتی محەمەد عەبدوڵڵا، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، پەرلەمانتاران: عەلی حەمەساڵح، بەدەل بەرواری و شڤان سەعید، بەڕێوەچوو. لە دەرەوەی دادگاش، سەرەڕای تەنینی ناوچەکە بە هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەک لە چالاکوانانی هەولێر و بادینان بۆ پشتیوانی کۆببوونەوە.
سەرەڕای ئەوەی شێروان شێروانی تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەو ڕووداوەی باس دەکرێت، خودی ئەفسەرەکە کتێبی بۆ بردووەتە زیندان، دادگا بەپشت بەستن بە گەواهی دوو پاسەوانی سکاڵاکار و بەپێی ماددەی (229) له یاسای سزادانی عێراقی كه تایبهته به ههڕهشه و ئیهانهكردنى فهرمانبهرى گشتی له كاتى ئهركهكهیدا، بڕیاری سزاکەی دەرکرد.
کاردانەوەکان: "بڕیارەکە پێشوەختە درابوو"
محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی تیمی پارێزەران، به پهنجهرهى ڕاگەیاند: "بەداخەوە گەواهیدەرەکان کە پاسەوانی سکاڵاکار بوون، سوێندی درۆیان خوارد. لە بەرامبەردا، گەواهی دوو نوێنەری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەواو پێچەوانە بوو و تۆمەتەکەیان ڕەتکردەوە."
ناوبراو وتیشی: "بەڵگەکان زۆر لاواز بوون و هەستمان کرد بڕیارەکە پێشوەختە ئامادە کراوە، بۆیە پێمانوایە کۆی پڕۆسەکە سیاسییە و تانە لە بڕیارەکە دەدەین."
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، چالاکوانانی ئامادەبوو بە دروشمی "بژی ئازادی، بژی شێروان شێروانی" ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، مۆبایلەکانیان لێسەندن و دەستیان لە پەرلەمانتارانیش نەپاراست.
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پارێزەری شیروان شێروانی..... ڤیدیۆ: پەنجەرە
چاودێران: سزایهكى قورستر لهو یاسایهى بۆ دانراوه
تیمی كوردستانى عێراقی رێكخراوى (CPT) کە چاودێری دانیشتنەکەیان دەکرد، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژه بهوهدهكات "مامەڵەیەکی دوژمنکارانە و نادادپەروەرانە دژ بە شێروان شێروانی و ئازادیی ڕادەربڕین" كراوه.
دهشڵێت: "بهبیانووی نەبوونی شوێن، ڕێگری لە زۆرێک لە نوێنەری کۆنسوڵخانەکان، ڕێکخراوەکان و تەنانەت خانەوادەی شێروانی کرا ئامادەبن، ههروهها ناوەوە و دەرەوەی دادگا بە هێزی ئەمنی تەنرابوو و چەکداری بە جلی مەدەنی لەناو ئامادەبوواندا بڵاوەیان پێکرابوو."
لهبارهى دادگاییهكهشهوه، دهڵێت: شێروانی داوای کامێرای چاودێری کرد بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆی، بەڵام وترا کە لەو ڕۆژەدا کامێراکان تۆماریان نەکردووه، هاوكات چەند پۆستێکی سۆشیاڵ میدیا وەک بەڵگە بەکارهێنران کە لە کاتێکدا بڵاوکراونەتەوە شێروانی لە زیندان بووە و دەستی بە ئینتەرنێت ڕانەگەیشتووە.
باس لهوهش دهكات بەپێی ئهو ماده یاساییهى كه پێی دادگایی كرا، قورسترین سزا بۆ ئەم جۆرە تۆمەتە زسندانییكردنه بۆ ماوهى 3 ساڵ، كهچى شێروانی بە 4 ساڵ و 5 مانگ سزادراوە.
مێژووی دۆسیەکە و داهاتوویەکی نادیار
ئەمە سێیەم جارە شێروان شێروانی دادگایی دەکرێت. ئەو کە لە تشرینی یەکەمی 2020 دەستیگرکرا، لە شوباتی 2021 بە تۆمەتی "سیخوڕیی بۆ وڵاتان" بە شەش ساڵ زیندانی سزادرا، دواتر بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە. پێش ئازادبوونی، ڕووبەڕووی دۆسییەی دووەم بوویەوە بە تۆمەتی "ساختەکاریی واژووی هاوڕێکانی" و له ساڵی 2023 سزای 2 ساڵ زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی سزاکانی پێشووی، بڕیار بوو شێروان شێروانی مانگی ئەیلولی داهاتوو (کەمتر لە مانگێکی دیکە) ئازاد بکرێت، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، ناوبراو تا مانگی شوباتی ساڵی 2030 لە زینداندا دەمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر سکاڵایەکی دیکە هەیە کە پارێزەرانی دەڵێن لەلایەن یەکێک لە گیراوان لە دژی تۆمارکراوە و تۆمەتی هەڕەشە دەخاتەپاڵ شێروان شێروانی، لەدژی ناوبراو نەجوڵێندرێت.