ئاگری ژێر خۆڵه‌مێش؟ گرژیی هه‌ركییه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و به‌زویی كۆنترۆڵ ده‌كرێت

٢٠ ئاب ٢٠٢٥ - ١٢:٢٣ پاش نیوەڕۆ

ئاگری ژێر خۆڵه‌مێش؟ گرژیی هه‌ركییه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و به‌زویی كۆنترۆڵ ده‌كرێت

په‌نجه‌ره‌

دوای هێوربوونەوەی بارودۆخی قەزای خەباتی سنووری هەولێر بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک، دوێنێ سێشەممە، 19 ی مانگی 8، جارێکی تر جم و جۆڵی چەکدارانی عەشیرەتی هەرکی سەریهەڵدایەوە.

ڕۆژی 7ـى ته‌موزی 2025، بەهۆی کێشەی زەویوزار و هەوڵدانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی خورشید هەرکی کەسایەتی هەرکی لە ناوچەی خەبات، شەڕ لە نێوان چەکدارانی ئەو عەشیرەتەو هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دروستبوو، بەو هۆیەوە دوو کەس لەهەردوولا کوژران.


سەرهەڵدانەوەی کێشەکە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەسایەتییەکی هەرکی لە ناوچەی خەبات کۆچی دوایی دەکات، لەلایەن بەشێک لە هەرکییەکانەوەو بە دیاریکراوی کەسانی نزیک لە خورشید هەرکی، بەشار موشیر ئاغای سەرۆک عەشیرەتی گۆران ئاگادار دەکرێتەوە بە شداری پرسەکە نەکات.

هۆکاری ئاگادارکردنەوەی سەرۆک عەشیرەتی گۆران بۆ بەشداریینەکردن لە پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گوایە ئەو شەڕەی نێوان هەرکی و هێزە ئەمنییەکان کە تێیدا گەنجێکی هەرکی کوژرا، ئەو هۆکاری بەرپابوونی بووە.

کاتێک خورشید هەرکی لە پرسەی کەسایەتییە کۆچکردووەتەکەی هەرکی نابێت، بەشار موشیر ئاغا سەردانی پرسەکە دەکات، لەو کاتەدا کەسێکی نزیکی خورشید هەرکی تانە لە بەشار موشیر ئاغا دەدات و دواتر گرتە ڤیدیۆییەکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە.

تانەدان لە سەرۆک عەشیرەتی گۆران سەرۆکایەتی هەرێم دەهێنێتە سەر هێڵ و خورشید هەرکی ئاگادار دەکەنەوە، پێشتر ئەوان ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان هێور کردووەتەوە، ئەگەر داوای لێبوردن لەو سەرۆک عەشیرەتە نەکەن دەست لە دۆسیەکە هەڵدەگرن.

خورشید هەرکی و نزیکەکانی داوای لێبوردن ڕەتدەکەنەوە و ترسی ئەوەشیان هەیە پاشەکشەکردنی سەرۆکایەتی هەرێم ببێتە هۆی ناردنی هێزی ئەمنی و سەربازی بۆ سەریان، بۆیە جارێکی تر هێز کۆ دەکەنەوە.

دواتر سەرۆکایەتی هەرێم جارێکی تر دەچێتە سەر هێڵ لە گەڵ هەرکییەکان و داوای کۆتایی هێنان بە دیاردەی چەکداری دەکات، بەو پێیەی ئەوان وەکو نێوەنگیر دەمێننەوە.


کرۆکی کێشەکە

هۆکاری بارگرژییەکانی نێوان هەرکی و عەشیرەتی گۆران پەیوەندی بە خاوەندارێتی زەویوزارەوە هەبوو، کە پێش ڕوودانی بارگرژییەکان هەردوولا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرشیان دەکردە سەر یەکتری.

هێرشی سۆشیال میدیا گۆڕا بۆ توندوتیژی، کاتێک لایەنگرانی خورشید هەرکی لە یەکێک لە گوندەکان تەقەیان لە ژمارەیەک گوندنیشینی عەشیرەتی گۆران کرد و بە دوای ئەمەشدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خورشید هەرکی دەرچوو.

کاتێک هێزە ئەمنییەکان داوای خۆڕادەستکردنی خورشید هەرکییان کردو ڕەتیکردەوە، هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو ڕوویان لە ناوچەکە کرد، بەڵام ئەو خۆ ڕادەستکردنی ڕەتکردەوەو پێکدادانی چەکداری ڕوویدا.

دوای کوژرانی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان و عەشیرەتی هەرکی و ئاڵۆزبوونی ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم نێوەندگیری کرد و لە ڕێگەی ناردنی بەرپرسی پاسەوانەکانی بۆ لای خورشید هەرکی، ڕازیکرد بەوەی کۆتایی بە بارگرژییەکان بهێنێت.

دواتر خورشید هەرکی خۆی ڕادەستی سەرۆکایەتی هەرێم کرد و پاشان هێشتنەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک لە ئوتێل شیراتۆنی هەولێر، ئازاد کراو گەڕایەوە بۆ ناوچەکەی خۆی.


دیوی پشتەوەی کێشەکە

هەریەک لە جەوهەر محیەدین ئاغا و مەحمود ئاغا، خۆیان وەکو سەرۆک عەشیرەتی هەرکی دەردەخەن، لەکاتێکدا جەوهەر ئاغا ناکۆکی لەگەڵ پارتی هەیە و لەو سنورە قاچاخە، بەڵام مەحمود ئاغا بە کەسایەتییەکی نزیک لە پارتی هەژمارد دەکرێت.

لەکاتی کێشەی نێوان خورشید هەرکی و بەشار موشیر ئاغای گۆران دا، پارتی زیاتر پشتگیری لە بەشار موشیر ئاغا کرد، بەو پێیەی ناوبراو نزیکە لە حزبەکەیەوە، لەکاتێکدا گومانی لە نزیکایەتی خورشید هەرکی لە جەوهەر ئاغای نەیاری هەبوو.

لە کاتێکدا پارتی هەوڵی دەستگیردنی خورشید هەرکی دەدا، بەڵام سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە بەشار موشیر ئاغا کرد، ئەمەش هێندەی تر هەرکییەکانی توڕە کرد و خۆڕادەستکردنیان ڕەتکردەوە.

جیاواز لەو گومانی هەرکییەکان لە پشتگیریکردنی عەشیرەتی هەرکی لە لایەن پارتییەوە، ئەو حزبە لە کاتی بارگرژییەکاندا هەوڵی دەدا مەحمود ئاغا لە بری جەوهەر محیەدین ئاغا وەکو سەرۆک عەشیرەتی هەرکی بناسێنێت.

جیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان مەحمود ئاغا و وەزیری ناوخۆ کە گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکرایەوە، میدیاکانی پارتی پەیامی مەحمود ئاغایان وەکو سەرۆکی هەرکی بڵاوکردەوەو تێیدا داوای برایەتی نێوان هەرکی و گۆران کرابوو.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری ناوخۆ بە مەحمود ئاغا دەڵێت: "لەبەر خاتری تۆ هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە دەوروبەری ماڵ خورشید هەرکی دەکشێنینەوە."

هەرزوو کەسە نزیکەکانی خورشید هەرکی دەنگیان هەڵبڕی و ڕەتیانکردەوە مەحمود ئاغا سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی بێت، بەڵکو جەختیان لەوە کردەوە جەوهەر محیەدین ئاغا سەرۆکیانە.


دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كوێ؟

هەرچەندە کێشەی نێوان خورشید هەرکی و عەشیرەتی گۆران کە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە بە ڕواڵەت لە سەر زەویوزارە، بەڵام دیوی پشتەوەی ئاڵۆزییەکان بە کۆمەڵێک پرسی هەستیار تەنراون.

هەوڵدانی پارتی بۆ وەلانانی جەوهەر ئاغا لە سەرۆکی هەرکی و گومانی لە بوونی پەیوەندی خورشید هەرکی لەگەڵ ناوبراو، هەروەها پاڵپشتیکردنی لە عەشیرەتی گۆران پرسەکەیان هێندەی تر ئاڵۆزکردەوە.

هەرچەندە بۆچوونێک هەیە، گوایە خورشید هەرکی نزیکایەتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە بۆیە لەلایەن حکومەتەوە تەنگی پێهەڵچنراوە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەک بەردەست نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە.

بارگرژییەکان پەردەیان لەسەر خەسڵەتێکی هەرکییەکان لابرد، سەرباری ئەوەی لە ڕووی ئینتیماوە بە سەر حزبەکاندا دابەشبوون، بەڵام کاتێک مەسەلە گەیشتە سەر عەشیرەت، ئینتیمای حزبی بۆ داکیکردن لە عەشیرەتەکەیان وەلا دەنێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو