ململانێی تورکیا و ئێران تورکمان په‌رت ده‌كات

٢٠ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٣٢ پاش نیوەڕۆ

ململانێی تورکیا و ئێران تورکمان په‌رت ده‌كات

په‌نجه‌ره‌

کەرکوک، ئەو شارە فرەنەتەوە و مەزهەبەی عێراق کە هەمیشە وەک "عێراقی بچووک" وەسف کراوە، جارێکی تر بووەتەوە بە چەقی ململانێیەکی ئیقلیمیی قووڵ. ئەمجارە کێبڕکێی نێوان ئەنقەرە و تاران لەسەر بەدەستهێنانی کاریگەریی لەنێو پێکهاتەی تورکماندا، هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شارەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ماڵی تورکمانی بەشێوەیەکی مەترسیدار بەسەر دوو بەرەی سوننە و شیعەدا دابەش کردووە.

پێکهاتەی تورکمان، کە سێیەمین پێکهاتەی سەرەکیی پارێزگای کەرکوک و یەکێک لە پێکهاتە دێرینەکانی عێراقە، لە مێژوودا خۆی وەک هێزێکی یەکگرتوو ناساندووە و تورکیاش هەمیشە وەک پشتیوانی سەرەکی و پارێزەری ناسنامەی سیاسیی خۆی پیشان داوە. بەڵام دەرکەوتنی ئێران وەک یاریزانێکی نوێ لە گۆڕەپانی تورکمانی، ئەو یەکڕیزییەی هەڵوەشاندووەتەوە و نیگەرانییەکی قووڵی لای ئەنقەرە دروست کردووە.


سەرەتای دابەشبوون؛ زەقکردنەوەی ناسنامەی مەزهەبی

تورکمانەکان لەڕووی جوگرافییەوە لەناوچە جیاوازەکانی عێراقدا بڵاوبوونەتەوە؛ بەشی زۆریان لە پارێزگاى کەرکوک و قه‌زاى تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوان، لەگەڵ بوونێکی بەرچاو لە کفری، هەولێر و هەندێک ناوچەی دیالە.

لەڕووی مەزهەبییەوە، بەسەر سوننە و شیعەدا دابەش دەبن؛ تورکمانە سوننەکان زیاتر لە ناوەندی شاری کەرکوک، ناحیەی پردێ و ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە نیشتەجێن، لەکاتێکدا تورکمانە شیعەکان لە قەزاکانی داقوق و تازەخورماتوو و ناوچەکانی باشووری کەرکوک چڕبوونەتەوە.

تا پێش ڕووداوەکانی 16ـى ئۆکتۆبەری 2017، ناسنامەی مەزهەبی لەنێو تورکمانەکاندا هێندە کاریگەریی سیاسیی نەبوو. "بەرەی تورکمانی عێراقی" کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت و زۆرینەی سەرکردەکانی سوننەن، نوێنەری سەرەکیی پێکهاتەکە بوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا. بەڵام دوای ئەو ڕووداوانە و بەهێزبوونی دەسەڵاتی هێزەکانی حەشدی شەعبی (کە ئێران کاریگەریی گەورەی بەسەریانەوە هەیە) لە کەرکوک، ماڵی تورکمانی شیعە بە فەرمی لە ماڵی تورکمانی سوننە جیاکرایەوە.

 

ئێستا عێراق بەرەو ئەوە دەچێت کە مەزهەب ڕۆڵی هەبێت


نەجات حسێن، یەکێک لە سەرکردە تورکمانە شیعەکان، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە دان بەو ڕاستییەدا دەنێت و دەڵێت: "جاران مەزهەب زۆر زەق نەدەکرایەوە، بەڵام ئێستا عێراق بەرەو ئەوە دەچێت کە مەزهەب ڕۆڵی هەبێت."

ئەم دابەشبوونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021ـدا بە ڕوونی دەرکەوت، کاتێک لیستی بەرەی تورکمانی (سوننە) و لیستی تورکمانی شیعە، هەر یەکەیان توانییان نزیکەی یەک کورسی بەدەست بهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەنجامەکان، دەنگی تورکمانە سوننەکان زیاتر لە 70 هەزار دەنگ بوو، لە بەرامبەردا دەنگی تورکمانە شیعەکان کەمتر بوو لە 30 هەزار دەنگ.


کەرکوک؛ پاداشتی ئێران و کاردانەوەی تورکیا

ڕۆڵی ئێران تەنها لە برەودان بە ناسنامەی شیعەیی تورکمانەکاندا کورت نەبووەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکیش دانا. کاتێک بەرەی تورکمانی هاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە عەرەبی سوننە، بایکۆتی پرۆسەی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوکیان کرد، غەریب عەسکەر وەک نوێنەری تورکمانی شیعە لە کۆبوونەوەی "ئوتێل ڕەشید"ـی بەغدا بەشدار بوو و پۆستی لە حکومەتە خۆجێیەکەدا وەرگرت.

 

تورکیا ناچار بوو محەمەد سەمعان وەک سەرۆکێکی کاتی بۆ بەرەی تورکمانی دابنێت


ئەم جموجۆڵە فراوانەی ئێران، تورکیای ناچار کرد کە زیاتر لە جاران بێتە ناو هاوکێشەکەوە. ئەنقەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نفوزی تاران، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە کاروباری ناوخۆیی بەرەی تورکمانیدا کرد.

لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرە کە بە کەسایەتییەکی خاوەن هەڵوێستی توند ناسرابوو، لە پۆستەکەی لابرا و حەسەن تۆران، کە بە کەسێکی نزیکتر لە سیاسەتە نوێکانی تورکیا دادەنرێت، خرایە شوێنی. ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر کێشەکانی چارەسەر نەکرد، بەڵکو ناکۆکییەکانی نێو بەرەی قووڵتر کردەوە، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی تورکیا ناچار بوو محەمەد سەمعان وەک سەرۆکێکی کاتی بۆ نێوەندگیری دابنێت.


دابەشبوونێکی ڕەسمی بەرەو هەڵبژاردن

دابەشبوونە مەزهەبییەکە ئێستا بووەتە ئەمری واقیع و خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەکات.

تورکمانە شیعەکان بە فەرمی "لیستی تورکمانی یەکگرتوو"یان پێکهێناوە، لە کاتێکدا بەرەی تورکمانی وەک نوێنەری باڵی سوننە بە لیستێکی جیاواز بەشداری دەکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ململانێی تورکیا و ئێران، پێکهاتەیەکی گرنگی عێراقی کردووەتە دوو بەرەی ڕکابەر و یەکڕیزیی مێژوویی ئەوانی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی جیددییەوە.

وه‌ك چۆن هه‌موو پێكهاته‌كان پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیان به‌سه‌ر به‌ره‌ و به‌شبه‌شێنه‌ ئیقلیمییه‌كاندا دابه‌ش بوون، ئاواش توركمان كه‌ به‌ پێكهاته‌یه‌كى یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك سه‌ر ناسرا بوو، دابه‌ش بووه‌.

 


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو