دوو زۆن، دوو جۆر زیندان و یەک ئامانج
٢٣ ئاب ٢٠٢٥ - ١٢:١٥ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
لە کاتێکدا لە زۆنی زەرد چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی ئەمنی دەبنەوە و تۆمه‌ت دواى تۆمه‌ت له زینداندا توندتریان ده‌كات، لە زۆنی سەوزدا ململانێکان زیاتر ڕەهەندێکی سیاسی و حزبییان هەیە و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکرێنە ئامانج.
له‌ماوه‌ى پێنج ساڵی ڕابردوودا، گۆڕانكارییه‌كى نه‌وعیی له تێڕوانینی ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه‌ته ئاراوه به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ى نه‌یاری فیكریی و سیاسییانن، ئه‌ویش بریتییه له ده‌ستگیركردن و له زیندان نانیان.
ئه‌م ڕاپۆرته له‌سه‌ر دوو ئاراسته ده‌وه‌ستێت له مامه‌ڵه‌كردنى هه‌ردوو زۆنی دیفاكتۆی زه‌رد و سه‌وز له‌گه‌ڵ كه‌سانی فیكر جیاواز و نه‌یاردا.
زۆنی زەرد؛ زۆنى له زینداننانی ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوان
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، کە لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، دیاردەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە تۆمەتی ئەمنی بووەتە خەسڵەتێکی دیاری دیمەنەکە. دیارترین و مشتومڕاویترین دۆسیە، کەیسی "دەستگیرکراوانی بادینان"ـە.
لە ساڵی 2020ـدا و لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان لەسەر دواکەوتنی مووچە و گەندەڵی، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە ناوچەی بادینان (پارێزگای دهۆک) دەستگیرکران. لەنێو دیارتریناندا شێروان شێروانی (ڕۆژنامەنووس)، گوهدار زێباری (ڕۆژنامەنووس)، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید (چالاکوان) بوون.
دەسەڵاتدارانی ئەمنی هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەم کەسانەیان بە "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، "سیخوڕی‌کردن بۆ وڵاتانی بیانی" و "هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی" تۆمەتبار کرد. ئەم تۆمەتانە لەلایەن خودی دەستگیرکراوان و پارێزەرەکانیانەوە بەتوندی ڕەتکرانەوە و بە "سیناریۆ و تۆمەتی هەڵبەستراو" ناویان برد.
پەیام لەم کارانە ئەوەبوو: ڕەخنە لەسەر پرسە هەستیارەکان قەدەغەیە
به‌ڵام ئه‌م ره‌تكردنه‌وه دادی نه‌دان و سه‌ره‌نجام له شوباتی 2021، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای زیندانییكردنى به‌سه‌ردا سه‌پاندن. ئه‌گه‌رچی دواتر به فه‌رمانی سه‌رۆكى هه‌رێم سزاكه كه‌مكرایه‌وه، به‌ڵام هێشتا دوان له‌و زیندانییانه به تۆمه‌تى دیكه له زینداندا توند كراون و پێناچێت به ئاسانیی لێگه‌ڕێن ئازاد بن.
بە بۆچوونی چاودێران، ئامانجی سەرەکی لەم دۆسیەیە، ناردنی پەیامێکی ڕوون بوو بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ته‌نانه‌ت هاوڵاتیانى ئاسایی ده‌ڤه‌ره‌كه: هەر جۆرە ڕەخنە و کارێکی ڕۆژنامەوانی لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک گەندەڵی و ئاسایش، بە هەڕەشە بۆ سەر "ئاسایشی قەوارەی هەرێم" و له‌وێشه‌وه "حزبی ده‌سه‌ڵاتدار" دادەنرێت و سزای قورسی بەدوادا دێت.
زۆنی سەوز؛ زۆنی خستنى ده‌نگه سیاسیی و ئۆپۆزسیۆنه‌كان
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە لەژێر هەژموونی یەکێتیدایە، دیمەنەکە جیاوازە. لێرەدا کەمتر ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی ئەمنی قورس ڕووبەڕووی زیندانی درێژخایەن دەبنەوە، بەڵکو ململانێکان زیاتر لەنێوان هێزە سیاسییەکان و تەنانەت باڵە جیاوازەکانی ناو خودی یەکێتیدایە.
ئامرازەکانی فشاریش لە دەستگیرکردنی کورتخایەن، کردنەوەی دۆسیەی یاسایی، فشاری سیاسییه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن تا گه‌یشت به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كداریی.
1. دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید:
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وەک یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن، چەندینجار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە یان بانگهێشتی دادگا کراوە، حاڵی حازریش ماوه‌ى 2 هه‌فته‌یه له زیندانه.
تۆمەتەکان دژی شاسوار عەبدولواحید هەمەجۆر بوون؛ لە "ناوزڕاندن" و "هەڕەشەکردن"ـەوە (وەک لە کەیسی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی) تا دەگاتە دۆسیەی دارایی و سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی NRT کە خاوەندارێتی دەکات.
زۆربەیجار دەستگیرکردنەکانی وەک ئامرازێکی "فشاری سیاسی" و "ماندووکردن" و "ته‌مبێ كردن" به‌كارهێنراون
زۆربەیجار دەستگیرکردنەکانی کورتخایەن بوون و دوای چەند ڕۆژێک یان چەند کاتژمێرێک بە کەفالەت ئازاد کراوە. ئەم شێوازە زیاتر وەک ئامرازێکی "فشاری سیاسی" و "ماندووکردن" و "ته‌مبێ كردن"ـى ڕکابەرەکە به‌كارهێنراوه، به‌ڵام له دواگرتنى دا پێده‌چێت دۆسییه‌كه ئاقارێكى تر بگرێت و ببێته زیندانیکردنێكی درێژخایەن، ئه‌مه‌ش واده‌بینرێت كه ڕێگرییكردن بێت له ناوبراو بەتایبەت لەگه‌ڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان و هه‌ڵكشانى ده‌نگی جووڵانه‌وه‌كه‌ى دا كه ژماره یه‌كى نێو هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانه و پێگه‌ى په‌رله‌مانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتییدا هێنده جیاواز نییه.
2. دۆسیەی ئارام قادر:
ئارام قادر، پەرله‌مانتاری پێشووتری هه‌رێم و سەرۆکی پێشووى هاوپه‌یمانى نیشتمانى، له رێكه‌وتى (10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ)ـه‌وه له زینداندایه، له دۆسێیه‌كدا كه ناڕوونییه‌كى زۆری تێدایه.
ئه‌وه‌ى په‌نجه‌ره زانیویه‌تى، تۆمه‌ته‌كانى سه‌ر ناوبراو په‌یوه‌ستن به سیخوڕیی كردن بۆ وڵاتانى بیانی، به‌بێ ئه‌وه‌ى به شه‌فافیی و ئاشكرایی ڕوون بكرێته‌وه.
وه‌ك كوڕه‌كه‌ى له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه به په‌نجه‌ره‌ى ڕاگه‌یاند، دواى 50 ڕۆژ له ده‌ستگیركردنى (تا 2ـى ئابی 2025)، هێشتا نه‌براوه‌ته به‌رده‌م دادوه‌ر و پارێزه‌ریشی نییه.
3. دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی:
دوای ڕووداوەکانی 8ـى تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی، دەسەڵاتەکانی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی دووەمی، لە دامەزراوە ئەمنی و حزبییەکاندا سەندەوە و له حزبه‌كه وه‌ده‌رنرا.
شێوازی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كان جیاوازن، بەڵام ئامانجه‌كه ڕوونە
ئه‌و كه دواتر حزبێكى بۆخۆی "به‌ره‌ى گه‌ل" دروستكرد و 2 كورسی له په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌ستهێنا، ڕووبه‌ڕووى فشارى جیاواز بووه‌ته‌وه، له‌نمونه‌ى: دەستبەسەریی ناچارى له ماڵه‌وه، ڕێگریكردن له گه‌شت و هاتوچۆ، كردنه‌وه‌ى دۆسییه‌ى یاسایی و هه‌تا گه‌یشت به چوونه سه‌رى به‌هێز و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كداریی، كه سه‌ره‌نجام به ده‌ستگیركردنى كۆتایی هات.
دوو به‌ئامانجگرتن و یه‌ك مه‌به‌ست
هه‌رچه‌نده ئه‌و كه‌سانه‌ى له هه‌ردوو زۆنه‌كه‌دا به ئامانج ده‌گیرێن جیاوازن و شێوازی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانیشیان هه‌ر جیاوازه، به‌ڵام پێده‌چێت ئامانجه‌كه ڕوون بێت: قه‌بووڵنه‌كردنى جیاوازیی.
له‌كاتێكدا له سنووری هه‌ولێردا پارتى دیموكراتی كوردستان ڕكابه‌رێكى گه‌وره و جیدیی حزبیی نییه و زیاتر له هه‌وڵ و ته‌قه‌لا شه‌خسییه‌كان ده‌ترسێت نه‌بادا گه‌شه بكه‌ن و خه‌ڵكى تر چاویان لێبكات، له سنوورى سلێمانییدا ڕكابه‌رییه‌كه حزبییه و ئه‌وه‌ى به ئامانج ده‌گیرێت سه‌ركرده‌ى حزبه سیاسییه‌كانن.
ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ش ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه وه‌كو گرتنه‌به‌رى ڕیكاری یاسایی و چه‌سپاندنی یاسا وێنا بكرێن، ئه‌وا له‌و ڕاستییه كه‌مناكاته‌وه كه دواجار بەرته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیی و ئازادیی ڕادەربڕین و بچووککردنەوەی فەزای گشتی و سیاسییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئەم دۆخە زیانێکی گەورە بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و هه‌رێمه‌ى ڕۆژانێك به دوورگه‌یه‌كى ئازاد له‌نێو ده‌وروبه‌رێكى نائازاد دا وێنا ده‌كرا.