پێنجوێنی: دیمەشق پلانی هێرشى بۆ سەر هەسەدە هەبوو بە ئامانجی چاوترساندنی کورد
٢٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، زانیاری لەسەر پلانێکی هاوبەشی حکومەتی سووریا و گرووپەکانی سەر بە دەستەی تەحریر شام بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا دەکات. بە وتەی پێنجوێنی، ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە "چاوترساندنی کورد" و ڕێگرتن بووە لە داواکارییەکانیان بۆ فیدراڵیەت و خۆبەڕێوەبەری.
لە لێدوانێکیدا بۆ پهنجهره، پێنجوێنی ڕوونیکردەوە: "حکومەتی سووریا دەیویست دوای عەلەوی و دروزەکان، کورد چاوترسێن بکات، تا باسی فیدراڵیەت و ئیدارەی سەربەخۆ نەکات."
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە بەرامبەر ئەم هەڕەشەیەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە کردبوو و "ویستیان هێزەکانی ئەحمەد شەرع (سەرۆکی دەستەی تەحریر شام) تێکبشکێنن."
محهمه ئهمین پێنجوێنى، جەختی لەوەشکردەوە کە هەسەدە لە ڕووی سەربازییەوە توانایەکی باڵاتری هەیە و وتی: "کورد لە ڕووی چەک و تەقەمەنی و ئەزموونی جەنگەوە، لە هێزەکانی ئەحمەد شەرع بەهێزترە."
هۆکاری سەرنەکەوتنی پلانەکەش، بە بڕوای پێنجوێنی، دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی بەشێک لە گرووپەکانی ناو دەستەی تەحریر شام لە هاوکێشە سەربازییەکە "بەشێک لەو گرووپانە تێگەیشتن لەوەی لە شەڕەکەدا دەشکێن، بۆیە وازیان هێنا." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەشێک لەو گرووپانە لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەردان بۆ کێشەی کورد، بەڵام کێشەکە تورکیایە کە ناهێڵێت."
پەیوەندییەکانی نێوان حكومهتى شهرع و ههسهده بهگشتى ئاڵۆزه و دۆخهكه لەنێوان ههڕهشه و بهیاننامهى ئیدانهكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی پچڕپچڕ و دانوستانی راستهوخۆ و ناڕاستەوخۆدایە، هۆكارى ئهمهش ئهوهیه كه ههسهده لهگهڵ جێبهجێكردنى سیستهمى فیدراڵییه و حکومەتهكهی شهرعیش بە توندی دژی هەر جۆرە خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵییەکە و دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی خاکی سووریا بکاتەوە.