هێرشدەکرێتە سەر کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان

٢٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٣:٠٢ پاش نیوەڕۆ

هێرشدەکرێتە سەر کۆمیتەی یەکێتی لە چۆمان

پەنجەرە

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، تەقینەوەیەک بارەگای کۆمیتەی چۆمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردە ئامانج، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەو حیزبە لە ناوچەکە هەواڵەکە پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام خۆیان لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی دەپارێزن.

چەند سەرچاوەیەک لە قەزای چۆمان کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە ئامادە نەبوون ناویان بهێنرێت، بە پەنجەرەیان ڕاگەیاند: "ڕۆژی هەینی (22ـی ئابی 2025)، کۆمیتەی چۆمانی یەکێتی کراوەتە ئامانج."

هێشتا شێوازی هێرشەکە ڕوون نییە و بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک باس لە بۆمبی چێندراو دەکەن و هەندێکی دیکەش پێیان وایە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بووە.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە کە تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی هەبووە و دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

پەنجەرە پەیوەندی بە مام وریا، بەرپرسی کۆمیتەی چۆمانی یەکێتییەوە کرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی بۆیان نییە لێدوان بدەن، هیچ قسەیەکی نەکرد.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو