وته‌بێژی هاوپه‌یمانى نه‌سر: ده‌ستگیركردنى شاسوار عه‌بدولواحید و لاهور شێخ جه‌نگی پرۆسه‌ى دیموكراسی بریندار كرد

٢٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:٢٣ پاش نیوەڕۆ

وته‌بێژی هاوپه‌یمانى نه‌سر: ده‌ستگیركردنى شاسوار عه‌بدولواحید و لاهور شێخ جه‌نگی پرۆسه‌ى دیموكراسی بریندار كرد

په‌نجه‌ره‌

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوە چەکدارییەکانی سلێمانی و دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرەی گەل پرۆسەی دیموکراسی بریندارکرد، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق دەستوەردان بکات.

د. سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادیی سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: " چاودێری ڕووداوەکانی سلێمانیمان کرد، لە بەغداوە هەستمان بە دوو دوودڵییەکی گەورە کرد، بەرامبەر بە ڕووداوە چەکدارییەکانی سلێمانی کە درۆن و چەکی قورسی تێدا بەکارهێنرا بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی."

دەشڵێت: "پێشتریش ڕووداوی هاوشێوە ڕوویداوە و شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکراوە، ئەمە لەگەڵ پرۆسەی دیموکراسی و شارستانی یەکناگرێتەوە، به‌ڵكو ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ناوەندێتی و قەتیسکردنی دەسەڵات لای یەک کەس و یەک لایەن."

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر ڕوونیکردەوە "ئەوەی ڕوویدا ناشیرینکردنی بنەماکانی دیموکراسی بوو، جێی داخە خەڵکی بێتاوان کوژران و زەرەرمەند بوون، ئەم ڕووداوانە شەرەفمەندانە نین و دەبێت هەموو لایەنە عێراقی و کوردییەکان هەڵوێستیان هەبێت."

د. سەلام زوبەیدی، پێیشیوایه‌ ده‌بێت بەغدا "دەستوەردان بکات"، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ى پێكهێنانى لیژنه‌ى به‌دواداچوون بۆ ئاشکراکردنی ڕووداوەکان، چونکە به‌وته‌ى خۆی "تێپەڕینی ئەمجۆرە ڕووداوانە کاریگەری لەسەر داهاتووی ململانێی نێوان لایەنەکان دەبێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو