ڕۆژی پێنجشهممه شاسوار عهبدولواحید دهبرێتهوه بهردهم دادوهر
٢٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٣٠ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەمەی ئهم ههفتهیه، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جارێکی تر ببرێتەوە بەردەم دادوەر بە مەبەستی دادگایی کردنی، دادگاییکردنەکەش لەسەر دۆسیەی پەرلەمانتاری پێشوو (شادی نەوزاد)ـە.
سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێ کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ڕۆژی پێنجشەممە (28ـى ئاب) جارێکی تر شاسوار عەبدولواحید ڕەوانەی لای دادوەر دەکرێت بە مەبەستی دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەی شادی نەوزاد."
هەروەها وتیشی: "ئەمڕۆ (دووشهممه) دایکی و هاوسەرەکەی سەردانی شاسوار عەبدولواحیدیان کردووە، دۆخی تەندروستی باشبووە و ورەشی بەرز بووە."
سەبارەت بەو نوسراوانەی بۆ داخستنی چاڤیلاند و گرێدانەوەی دۆسیەی چاڤیلاند بە دۆسیەی شاسوار عەبدولواحیدوه بڵاوکراونەتەوە، سەرچاوەکەی نەوەی نوێ وتی: "چاڤیلاند کراوەیە و گرفتی نییە، کۆشکەکان بە جیا، ئەکوا پارکەکە بەجیا و کۆشکەکانی مانەوەش بە جیا باجیان داوە، شاسوار عەبدولواحیدیش وەکو خەڵکی تر خاوەن پشکە لە چاڤیلاند، بۆیە نوسراوەکان شەڕ فرۆشتنن."
هەروەها وتیشی: "تائێستا بە ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆ هیچ فشار و هەڕەشەیەک لەسەر کەناڵی ئێن ئارتی نییە."