مایكڵ ڕۆبن بۆ په‌نجه‌ره: بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى به‌هۆكارى كێشه خێزانییه‌كانه‌وه تووشى له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه هاتوون
٢٥ ئاب ٢٠٢٥ - ٦:٣١ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
مایكڵ ڕۆبن، توێژه‌ری دیار و ناسراوى ئه‌مه‌ریكی، له دیدارێكى په‌نجه‌ره‌دا باس له پێشهات و پرسوخواسه‌كانى په‌یوه‌ست به كورد و هه‌رێمى كوردستان ده‌كات. ئه‌و پێیوایه چیتر هه‌رێمى كوردستان ئه‌و پانتاییه دیموكراسییه نییه وه‌ك پێشتر وێنە ده‌كرا. هاوكات وایده‌بینێت هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ى فه‌رمانڕه‌واى هه‌رێم (بارزانى و تاڵه‌بانى) به‌هۆی كێشه‌ى ناوخۆییه‌وه تووشی له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه هاتوون. له‌باره‌ى پشتگیریی ئه‌مه‌ریكاشه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌وله‌ویه‌ت لای ئه‌م ئیداره‌یه چینه، بۆیه ئاسانه ئه‌گه‌ر كورد به توركیا بفرۆشێت.
پەنجەرە: ئەمەریکا کاتێک لە ساڵی 2003 ڕژێمی بەعسی ڕووخاند، سەرەتا بە بەڵێنی هێنانی دیموکراسییەوە ڕووی لە ناوچەکە کرد. به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م مێژووه، تاچه‌ند پێتوایه ئه‌م سیاسه‌ته ئێستا له هه‌رێمى كوردستان ڕه‌چاو ده‌كرێت؟ پێتوایه پاشه‌كشه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌بوونى ئه‌جێندایه‌كى دیموكرسی له‌ناوچه‌كه‌دا، وایكردووه ستەمکاریی ڕه‌گ دابكوتێت؟
مایکل ڕۆبن: جۆرج بۆشی کوڕ هەرگیز دەستبەرداری دیموکراسی نەبوو، بەڵام لە دەوروبەری ساڵی 2006، هەندێک لە تیمەکەی دەستبەرداری دیموکراسی بوون بۆ عێراق و ناوچەکە. لە نێو ئەندامانی تیمەکەی بۆشدا کە دەستبەرداری دیموکراسی بوون، کۆندۆلیزا ڕایسی تێدابوو، ئەو هەرچەندە بە زمانێکی شیرین باسی دیموکراسی دەکرد، بەڵام لە پشته‌پەردەوە لەوە دەترسا، بیرکردنەوە لە پراکتیزەکردنی دیموکراسی سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات. بارزانی و تاڵەبانییەکانیش هەڵگری گوتاری دیموکراسی بوون، بەڵام ئەولەویەتیان بۆ بەرژەوەندی خێزانیی خۆیانبوو.
هه‌تا پێش ساڵی 2003 و ڕوخانى ڕ‌ژێمى به‌عس، کوردەکان دەیانتوانی بانگەشەی ئه‌وه بكه‌ن كه گه‌وره‌ترین بەش و ڕووبه‌رى دیموكراسیین له عێراقدا، به‌ڵام ئێستا كه‌مترین دیموكراسییان هه‌یه. سەرەتای ئەم مانگە لە بەغدا بووم، چەند بەرپرسێکم بینی هه‌ر له ڕه‌وتى سەدره‌وه هه‌تا هاوپه‌یمانی شیعەکان و دواتر کەسایەتییە سونییه‌كانى ئەنبار، سه‌رباری كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان. ئه‌وان به‌گشتى له‌سه‌ر پرسه‌كان هاوڕایی لە نێوانیاندا کەم بوو، بەڵام له یه‌ك شت‌دا هاوڕابوون كه ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنى داهاتوویان پێشبینی نه‌ده‌كرد و خەمی هەموویان ئەوەبوو ئایا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چی ڕوودەدات؟
لە هەولێر و سلێمانى ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشتر زانراوه
به‌ڵام ئەگەر سەردانی هەولێر و سلێمانى بكه‌یت، هیچ دودڵییه‌ك له ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا نابینی و پێشتر زانراوه و له‌نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا قه‌تیس بووه. سەرەتا مەسعود بارزانی هات، دواتر مەسرور بارزانی و دەبینیت دوای چەند دەیەیەکی تر ئارین دێت. بۆی هەیە له داهاتوودا بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئاڵوگۆڕی شوێنەکانیان بکەن، یاخود ڕۆژێک لە ڕۆژان كوده‌تا به‌سه‌ر یه‌كترییدا بكه‌ن وه‌كچۆن كوده‌تایان به‌رامبه‌ر ئامۆزاكه‌یان كرد، بەڵام ئه‌مه هیچ له‌وه ناگۆڕێت كه بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانی هه‌رگیز به خواستى خۆیان واز لە دەسەڵات ناهێنن.
پەنجەرە: هەندێک لە سەرکردە کوردەکان به به‌رده‌وامیی هەوڵدەدەن سەردانی ئەمەریکا بکەن، بەڵام بە پێچەوانەی جاران کە بە ئاسانی لەگەڵ سه‌رۆكه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌نمونه‌ى ئۆباما و بایدن و ته‌نانه‌ت جۆرج دەبلیو بۆشدا کۆدەبوونەوە، کەچی تائێستا نەیانتوانیوە ترەمپ ببینن، ئەم گۆڕانکارییە چیمان پێدەڵێت له‌باره‌ى په‌یوه‌ندی ئێستاى نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا؟
مایکل ڕۆبن: دەتوانن رۆژێک ترەمپ ببینن، چونکە له كۆتاییدا ژماره‌ى ئه‌و سۆزانی و تاوانبار و دیكتاتۆرانه كه‌م نین كه له‌چه‌ند ده‌یه‌ى ڕابردوودا وێنه‌یان له‌گه‌ڵ تره‌مپدا گرتووه!
ده‌بێت بزانین هه‌ریه‌كه له ئه‌مه‌ریكا و كورد به جۆرێكی جیاواز سه‌یری دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن. بە نیسبەت کۆشکی سپیی یان وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌وە كۆبوونه‌وه‌كان تەنها موجامەلەن، بۆ نموونە كه سەرۆکی غینیای خولگه‌یی لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە و دەست دەخەنە نێو دەستی یەکتری و وێنە دەگرن، واتای ئەوە نییە غینیا هاوبه‌شى ڕاستەقینەی ئەمەریکایە یان وڵاتێکی پەسەندکراوە.
دەبێت ئازادیخوازانی كورد ڕێگە نەدەن سەرکردەکانیان وەکو گێڵ ته‌ماشایان بکەن
بنه‌ماڵه‌ى بارزانی و تاڵەبانی هەوڵدەدەن ئه‌م كۆبوونه‌وانه و وێنەگرتنه‌كانیان، وەکو پشتگیری ئه‌و وڵاته له‌خۆیان پیشان بدەن، لە کاتێکدا ئەمە تەنها لایەنگرە سادەئه‌قڵه‌كانیان باوەڕی پێدەکەن. بۆیە دەبێت به جیدیی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی كورد ڕێگە نەدەن جارێکی تر سەرکردەکانیان وەکو گێڵ ته‌ماشایان بکەن.
پەنجەرە: بەشێک لە سەرکردەکانی کورد وایدەبینن ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەکان بەتایبەت شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گۆڕانکاری لە سوریا و ناسەقامگیری لە عێراق، هه‌موو ئەمانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ داڕووخانی عێراق و لە کۆتاییدا دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، پێتوایه ئه‌مانه به ته‌نها وه‌هم و خه‌یاڵن، یاخود هیچ ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه ده‌بینیت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا یان ئیسرائیل و وڵاتانى تر پشتیوانى له وه‌ها په‌ره‌سه‌ندنێك بكه‌ن؟
مایکل ڕۆبن: بە درێژایی بیست ساڵی رابردوو، مەسعود بارزانی و مه‌سرور بارزانى كوڕی زۆرجار جەختیانکردووەتەوە کە هه‌رێمى كوردستان ناوچەیەکی ئارامە و دەتوانرێت بکرێتە مایەی سەقامگیری بۆ عێراقیش، له‌هه‌مان كاتدا ده‌یانه‌وێت ئاسایشی عێراق تێكبده‌ن.
ئەوان نازانن باشترین دەرفەت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەوەیە عێراق سەقامگیر بێت، چونكه وه‌ك ده‌وترێت "ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى جه‌نگه‌ڵ كۆنترۆڵ ناكرێت". له‌لایه‌كى تره‌وه، کوردستان ناوچەیەک نییە لەسەر دەریا بێت، ئەگەر تەنانەت دۆخه‌كه پێچه‌وانه بوویه‌وه یان وه‌ك ده‌وترێت "ئاراستەی باكه گۆڕا" ئه‌وا هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی ئەمەریکا بێت و بەرگری لە کوردستان بکات. ڕەنگە مەسرور بارزانی وا بیر بکاتەوە کە بوونى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیی ئەمەریکی لە ناوچەکەدا کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا بنكه‌ى ئه‌مه‌ریكی ئازووقه و ئیمداداتی دەوێت. ئه‌وه‌شمان بینی كه تره‌مپ به‌لایه‌وه په‌سه‌نده له‌و ناوچانه‌ى سه‌قامگیریی تێدا نییه بكشێته‌وه.
ئه‌وه‌ى به‌لای تیمه‌كه‌ى تره‌مپه‌وه گرنگه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چینه
پەنجەرە: هه‌ست ده‌كرێت گۆڕانکاری گەورە لە ئەولەویاتەکانی ئەمەریکادا درووستبووه، بۆنمونه پێشتر واشنتۆن پاڵپشتی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هەسەدەی تاڕادەیەک وەکو یەک دەکرد، ئێستا پاڵپشتییەکانی بۆ پێشمەرگە و سوپا کەمدەکاتەوە و بۆ هەسەدە وەکخۆیەتی و پاڵپشتی بۆ دژە تیرۆری عێراقیش زیادکردووە، ئەم گۆڕانكارییه چۆن لێکدەدەیتەوە؟
مایکل ڕۆبن: بێگومان پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق و هەسەدە کەمتر بووە، چونكه ئێستا ئه‌وه‌ى به‌لای تیمه‌كه‌ى تره‌مپه‌وه گرنگه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چینه. ئه‌وان ئامادەن له‌پێناو سه‌قامگیریی له‌ناوچه‌كه‌دا، كورد به توركیا بفرۆشن. له‌ڕاستیدا پشتكردنه كورد و فرۆشتنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه زۆر جیاواز نییە لەوەی بارزانییەکان دەیکەن لەگەڵ تورکیا، تەنها جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ترەمپ بە هۆکاری ستراتیژی پشت لە کورد دەکات ئه‌گه‌رچی ستراتیژه‌كه‌شی هه‌ڵه بێت، بەڵام بارزانییەکان بە هۆکاری تەماع ده‌یكه‌ن.
پەنجەرە: لەکاتێکدا لەناوخۆی هەرێم ئۆپۆزسیۆن لە قاڵب دەدرێت، بەڵام ئێستا له ده‌ره‌وه شه‌پۆلێكی نوێی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینین، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌سایه‌تى كورد له تاراوگه هه‌ستان به به‌رزركردنه‌وه‌ى سكاڵا دژ به به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان له دادگا بیانییه‌كان، له‌نمونه‌ى تۆماركردنى زنجیره‌یه‌ك سكاڵا له ئه‌مه‌ریكا. پێتوایه ئایا دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا ناڕوات هەرێم وەکو ئێرانی لێ بێت؟ به‌و واتایه‌ى لەناوخۆی ئێران ئۆپۆزسیۆن سەرکوتکراوه و له ده‌ره‌وه‌ى وڵات زۆرتر چالاك و ڕێكخراون؟
مایکل ڕۆبن: به‌ڵێ، به‌ڵام هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى به‌هۆكارى كێشه خێزانییه ناوخۆییه‌كانه‌وه، تووشى له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه هاتوون، ئه‌مه‌ش لاوازتریان ده‌كات.
هاوكات هۆكارى سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له ئه‌مه‌ریكا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و تۆمه‌ت و دۆسێیانه بوونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه مه‌سرور بارزانى خاوه‌نى كارتى سه‌وز "گرین كارت"ـه. ئه‌و كه پێشتر زۆر تكای كردووه به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى كارته‌كه و بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ هه‌یبووه، ئێستا بۆی دەرکەوتووە کە بوونى ئه‌م كارته‌یه كه وایکردووە یاساکانی ئەمریکای به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت.