محهمه ئهمین پێنجوێنی: ئهگهرى گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا ههیه و پرسهكهش پێویستی بە بڕیاری یاساییه
٢٦ ئاب ٢٠٢٥ - ١١:٢٥ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
سیاسەتمەدارێکی نزیک لە پەکەکە ئاماژە بە ئەگەری گەڕانەوەی بەشێک لەو گروپە 30 کەسییەی گەریلا دەکات کە چەکەکانیان سوتاند، بەڵام پێیوایە گەڕانەوەیان پێویستی بە بڕیارێکی سەرۆک کۆمار یاخود پەرلەمانی تورکیا هەیە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری نزیک لە پەکەکە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "بیستومە ئەو کەسانەی چەکەکانیان سوتاند، پێیانوتوون ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ تورکیا ئازادن، بەڵام وەڵامی ئەوان ئەوەبووە با لە پەرلەمانەوە بڕیارێکی یاسایی دەربکرێت لە بارەی چەکدارو لایەنگرانی پەکەکە."
پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیاو قەندیل دوای چەندین ساڵ لە ململانێی خوێناوی دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام سەرکەوتنی پرۆسەکە گرێدراوە بە هەنگاوەکانی پەرلەمانی تورکیا و ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ هەنگاوە یاساییەکان پێکهێنراوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت: "پەکەکە بڕیاری سیاسی ناوێ، بەڵکو بڕیاری سەرۆک کۆمار یان بڕیاری یاسایی پەرلەمانی دەوێت، بەوەی لێبوردنی گشتی بۆ گەریلاکان یاخود ئەوانەی پەیوەندییان بەم جوڵانەوەیەوە هەیە، دەربکات."
رۆژى 18ـى ئهم مانگه، سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە بۆ پهنجهرهى ئاشكرا كرد، ئەگەری گەڕانەوەی بەشێک لەو گرووپە 30 کەسییەی گەریلا دەکات کە چەکەکانیان داناوە، كه ئەمەش وەکو پێشهاتێکی گرنگ لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا سەیر دەکرێت.
لە 11ـی تەموزی ئەمساڵ، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلا چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی شاری سلێمانی سووتاند، وهك بهدهمهوهچوون بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لهچوارچێوهى پرۆسەی چارەسەریی و بهرقهراركردنى ئاشتى له توركیا.