فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەژی ئەمین دەرچوو
٢٦ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەوتەی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی، لەلایەن دادگاکانی سلێمانییەوە چەند فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ ئەژی ئەمین دەرچووە.
بەوتەی سەرچاوەکە کە بۆ پەنجەرە قسەی کرد و ئامادە نەبوو ناوی بهێنرێت، پەیوەست بەو ڕووداوانەی کە بە دۆسییەی "لالەزار" لەناو هاوڵاتیاندا ناودەبرێت، ئەژی ئەمین لەگەڵ لاهور شێخ جەنگییدا بەچەند کەیسێک تۆمەتبارن، لەوانە: هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی، ئەنجامدانی کودەتای سەربازیی لە سلێمانی، تێکدانی ئاسایشی سلێمانی بە هێنانی چەکدار و چەک و کەرەستەی جیاوازی سەربازیی.
ئەژی ئەمین، لەدوای ڕووداوەکانی 8ـی تەموزی 2021 لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە کرا بە سەرۆکی دەزگای زانیاریی، دواتر ناکۆکی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانییدا بۆ درووستبوو و لە پۆستەکەی لابرا و ڕۆشتە هەولێر و تائێستاش خۆی وەکو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆکی (دەزگای پاراستن و زانیاریی/ زانیاریی) دەناسێنێت.