زانیاریی لەبارەی ئەو درۆنانەی لە دەباشان دران
٢٦ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٥١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەپێی سەرچاوەیەک لە یەکێتی، ئەو دوو درۆنەی بەرەبەیانی هەینی لە دەباشان- بارەگای سکرتاریەتی یەکێتی و ماڵی بافڵ تاڵەبانی درا، یەکێکیان گەورە و ئەوەکەی تریان بچووک بووە.
سەرچاوەکە کە بۆ پەنجەرە قسەی کرد و ئامادە نەبوو ناوی بهێنرێت، باسی لەوەکرد بەرەبەیانی هەینی (22ـی ئاب)، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی هێرشکردنە سەر لالەزار- بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، 2 درۆن لە دەباشان- بارەگای سکرتاریەتی یەکێتی و ماڵی بافڵ تاڵەبانی داوە.
وتیشی: "دوو درۆنەکە هەردووکیان خۆکوژیی بوون و یەکێکیان بچووک بووە و لە گەڕەکێکی سلێمانی و نزیک بە دەباشان هەڵدراوە."
باسی لەوەشکرد: "درۆنی دووەم گەورە بووە و لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانییەوە ئاراستە کراوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی شوێنەکە بخاتەڕوو.