یەکێتی: پارتی بەشێک نەبووە لە "کودەتاکەی لالەزار"

٢٧ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٢٣ پێش نیوەڕۆ

یەکێتی: پارتی بەشێک نەبووە لە "کودەتاکەی لالەزار"

پەنجەرە

ئەگەرچی یەکێتی نیگەرانە لە پارتی و نیگەرانییەکەشی پێگەیاندوون، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەک لەو حزبە، نیگەرانییەکە بەوهۆیە نەبووە کە پارتی دەستی لەو "کودەتایە" هەبێت کە یەکێتی باسی هەبوونی دەکات، بەڵکو بەهۆی گرتنەخۆی ئەژی ئەمینە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار و ئەو کودەتایەی ویسترا دژ بە یەکێتی ئەنجام بدرێت، یەکێتی نیگەرانە لە پارتی و نیگەرانییەکەشی بەو حزبە گەیاندووە."

وتیشی: "پارتی بەشێک نەبووە لە کودەتاکە و هیچ بەرپرسێکیان دەستیان لەو ڕووداوەدا نەبووە."

کەواتە یەکێتی لەچییدا لە پارتی نیگەرانە؟ سەرچاوەکەی یەکێتی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ڕوونیدەکاتەوە: "لەوەدا نیگەرانە کە ئەژی ئەمین لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە و ئازادییەکی زۆر و تەواوی هەیە و توانیویەتی پیلانێکی وەها دابڕێژێت کە کوشتنی بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی بووە."

یەکێتی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین بە "دەست تێکەڵکردن بۆ ئەنجامدانی کودەتا دژ بە یەکێتی" تۆمەتبار دەکەن، بەشێوەیەک کە وەکخۆیان دەڵێن ئەژی ئەمین پلانەکەی داڕشتووە و چەک و کەرەستە و تەنانەت چەکداریشی ناردووەتە لای لاهور شێخ جەنگی و ئەویش پلانەکەی جێبەجێ کردووە.

بەوتەی سەرچاوەکە، یەکێتی دۆسییەیەکی تەواوی لەسەر رووداوەکە ئامادە کردووە و ڕادەستی پارتی دەکات و تیایدا وردەکاریی ڕۆڵی ئەژی ئەمین دەخاتەڕوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو