شاره‌زایه‌كی سه‌ربازیی له‌باره‌ى ڕووداوه‌كه‌ى لاله‌زار: به‌کارهێنانی درۆن و ده‌بابه بۆ ده‌ستگیرکردنی که‌سێک له ناو شاردا کاره‌ساته
٢٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٢:٢٨ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
شاره‌زایه‌كی بواری سه‌ربازی، ره‌خنه‌ی تووند له شێوازی هێرشی هێزه ئه‌منییه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بۆ سه‌ر ماڵی لاهور شێخ جه‌نگی له لاله‌زار ده‌گرێت و به "نایاسایی" و "سیاسی" ناوی ده‌بات، هاوکات جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌م جۆره "عه‌سکه‌رتارییه‌ته" دۆخی سلێمانی ئاڵۆزتر ده‌کات.
عه‌میدی خانه‌نشین، حه‌مدی گلی، شاره‌زای بواری سه‌ربازی، له لێدوانێکدا بۆ په‌نجه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه که ڕێوشوێنه‌کانی گرتن له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه سه‌ربازی و یاساییه‌کاندا ناگونجێت.
گلی وتی: "له سه‌رده‌می سوپای عێراق دا کاتێک به‌نده ئه‌فسه‌ر بووم، هه‌رکه‌سێک بڕیاری ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رکرابا، بڕیارەکەمان بۆ ده‌ناردو داوای خۆ ڕاده‌ست کردنمان لێدەکرد، ئه‌گه‌ر خۆی ڕاده‌ست نه‌کردایه، لێپێچینه‌وه‌ی تووندمان ده‌کرد."
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌دا سه‌ربارى جیاوازیی بۆچوونه‌كانى له لاهور شێخ جه‌نگی، به‌ڵام پێیوایه ئه‌و شێوازه‌ى بۆ ده‌ستگیركردنى به‌كارهێنرا دروست نه‌بووه "من هاوڕای لاهور شێخ جه‌نگی نیم، به‌ڵام ئه‌و خاوه‌ن حزب و کورسی په‌رله‌مانه، نه‌ده‌بوو به‌مجۆرە هێز بنێردرێته سه‌ری، بۆیه ڕێوشوێنه‌کان سیاسی بوون نه‌ک یاسایی."
شاره‌زا سه‌ربازییه‌که به تووندی ڕه‌خنه‌ی له به‌کارهێنانی ته‌کنیکه سه‌ربازییه قورسه‌کان گرتووه له ناو شاردا. وتیشی: "به‌کارهێنانی درۆن و مه‌دفه‌عه و ده‌بابه بۆ ده‌ستگیرکردنی که‌سێک له ناو شارێکی وه‌کو سلێمانیدا، کاره‌ساته و ناچێته چوارچێوه‌ی ڕێوشوێنه یاساییه‌کانه‌وه."
لێدوانه‌کانی حه‌مدی گلی له کاتێکدایه که به‌شێك له چاودێرانی سیاسی و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چالاكوانان، نیگه‌رانییه‌وه سه‌یری زیادبوونی ئاڵۆزییه سیاسی و ئه‌منییه‌کان ده‌که‌ن له ناوچه‌که‌دا، هۆشداریش ده‌ده‌ن له ده‌رئه‌نجامه خراپه‌کانی به‌کارهێنانی هێز له دۆسیه‌ی سیاسی و ناوخۆییدا.