پێکهێنانی حکومەت؛ دۆسیەی لالەزار و ئەژی ئەمین ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن
٢٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
لهكاتێكدا گفتوگۆكانى یهكێتى و پارتى لهبارهى پێكهێنانى حكومهتى نوێوه گهیشتبوونه بنبهست، دۆسیەیهكى نوێشی بۆ سهربار بوو، كه لێكهوتهكانى ڕووداوەکانی لالەزاره.
سەرەتای دانوستانەکان: شەراکەتێکی ناتەواو
لە سەرەتای گفتوگۆکاندا، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار جەختیان لە "هاوبەشی ڕاستەقینە" کردووەتەوە، بەڵام ئەم چەمکە لەسەر مێزی دانوستانەکان بەشێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەی بۆ کراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکان ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی و پارتی سەرەتا تیشکیان خستووەتە سەر چوار پۆستی سەرەکی (سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری).
یەکێتی پێشنیاری کردووە کە پارتی وەک براوەی یەکەم، لە نێوان پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت یەکێکیان هەڵبژێرێت، هەروەها لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریش یەکێکیان ببات.
پارتی سوربووە لەسەر وەرگرتنی هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت
بەڵام پارتی ئەم داوایەی ڕەتکردووەتەوە و سوربووە لەسەر وەرگرتنی هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت. ئەم خاڵە یەکەمین گرژی گەورەی خستە نێوان هەردوولا، بەجۆرێک کە ناچار بوون دۆسیەی دابەشکردنی وەزارەتەکان بخەنە بەرباس.
وەزارەتەکان و گرفتی پۆینت
لەسەر پرسی دابەشکردنی وەزارەتەکان، یەکێتی داوای دانانی پۆینتی "خاڵ" بۆ پۆستە باڵاکان کردووە. بەپێی ئەم پێشنیارە، هەر لایەنێک پۆستە باڵاکانی (سەرۆکی هەرێم یان حکومەت) وەرگرت، ئەوا پۆینتەکانی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان کەمتر دەبێتەوە.
ئامانجی یەکێتی لەم داوایەدا ئەوە بووە کە لە بەرامبەر پۆستە باڵاکانی پارتی، وەزارەتە گرنگ و سیادییەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام دیسانەوە پارتی ئەم داواکارییەی یەکێتی ڕەتکردووەتەوە، بەمەش دۆخی دانوستانەکان زیاتر ئاڵۆز بوو.
دۆسیەی لالەزار و ئەژی ئەمین: ئاڵۆزیی نوێ
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە پاش چەندین کۆبوونەوەی بێ ئەنجام، دانوستانەکان گەیشتووەتە بنبەست. لەم نێوەندەشدا، ڕووداوەکانی لالەزار و پاشان پرسی ئەژی ئەمین بوونەتە هۆی ساردبوونەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و چوونەتە ناو گۆڕەپانی گفتوگۆ سیاسییەکانەوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان نیازی وایە لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکاندا، یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەژی ئەمین وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی پێکهێنانی حکومەت دابنێت. تا ئێستا هەڵوێستی پارتی لەبارەی ئەم داواکارییەوە ڕوون نییە و پێناچێت بە ئاسانی ئەم دۆسیەیە یەکلایی ببێتەوە.
لە ئێستادا، دۆخی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە نێوان نادڵنیایی و چاوەڕوانیدایە، لە کاتێکدا فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا زیاتر دەبن. پێدەچێت کێشەی پۆستەکان و دۆسیە نوێیەکان، کاتی زیاتر لە یەکێتی و پارتی بگرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.