جەلەولا؛ شارۆچکەیەک لەنێوان گڕکان و گوماندا
٢٧ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:١٣ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
خەریکە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بێ ئومێد دەبن، لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، ئەو ناحیەی دوای ڕووخانی بەعس، زۆرترین خوێنی تێدا ڕژاوەو دانیشتوانە عەرەبەکەی ڕێگە بە گەڕانەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان نادەن.
لە دوای ڕووداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، چەندین هەوڵی حزبە کوردییەکان بۆکردنەوەی بارەگا لە ناحیەی جەلەولا شکستی هێنا، بەو پێیەی دانیشتوانە عەرەبەکەی ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەو بارەگایانە نادەن و هۆشداری دەدەن لە ڕوودانی توندوتیژی لە ئەگەری پشتگوێخستنی خواستەکەیان.
بەشێک لە بەرپرسان، پێیانوایە گەر سەقامگیری بۆ تەواوی عێراقیش بگەڕێتەوە، گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ جەلەولا ئاسان نیە، بەو پێیەی کێشەکانی هێندە زۆر و ئاڵۆزن، چارەسەرکردنیان قورس بووە.
مێژوویەکی پڕ لە تەقینەوە و قوربانیدان
لە دوای ساڵی 2005، بەدەیان تەقینەوە لەجەلەولا ڕوویانداوە، سەدان کەسی تێدا کوژراوە، هۆکاری ئەمەش هەوڵدانی جیای حکومەتی عێراق و هەرێم و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بووە بۆ حوکم کردنی ناحیەکە، کە ناحیەیەکی جێ ناکۆکە.
بەرپرسانی کورد، دەڵێن: "دانیشتوانی جەلەولا ڕقیان بەرامبەر بە کورد لە دڵدایە." ئەوانیش کورد بە ئازاردان و تەنانەت کوشتنیش تۆمەتبار دەکەن، ئەوکاتەی کە دەسەڵاتی ناحیەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا بووە.
کاتێک حکومەتی بەعس ڕووخا، جەلەولا لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵکرا، دواتر لە ساڵی 2014 داعش ناحیەکەی کۆنترۆڵ کرد، ئێستاش هێزە عێراقیەکان و بە دیاریکراوی حەشدی شەعبی تێیدا دەسەڵاتدارە.
هێشتا خۆی بەخاوەنی ناحیەکە دەزانێت و ناوی ناوە "گوڵاڵە"
جەلەولا کە ناحیەیەکی کێشەلەسەرە، دانیشتوانەکەی نزیکەی 90 هەزار کەسە، ئێستا عەرەب تێیدا زۆرینەیە و کورد و تورکمانیش کەمینەیەکی زۆر کەمن، بەڵام کورد هێشتا خۆی بەخاوەنی ناحیەکە دەزانێت و ناوی ناوە "گوڵاڵە"، تورکمانیش، جەلەولا بە شارۆچکەیەکی تورکمانی وەسفدەکات و بە "قەرەخان" ناویدەبات.
کێشەی نێوان کورد و عەرەبە کرویەکانی جەلەولا، کوتوپڕ دوای ڕووخانی بەعس سەریهەڵدا، بەو پێیەی کورد ئەوانی بە پاڵپشتیکردنی قاعیدە و دەست هەبوون لەکوشتنی کوردە"زرگۆشەکان" تاوانبار دەکرد، ئەوانیش کوردیان بە ئازاردان و خراپ مامەڵە لەگەڵ کردن تۆمەتبار کرد.
کاتێک لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 داعش ناحیەی جەلەولای کۆنترۆڵ کرد، کێشەی نێوان کورد و عەرەبەکانی عەشیرەتی کروی بەتەواوەتی تەقیەوە، بەوپێیەی ئەوان چوونە پاڵ داعش و شەڕی پێشمەرگەیان دەستپێکرد.
ژمارەی قوربانیان و تۆڵەسەندنەوە
بەپێی ئەو ئامارانەی دراون بە پەنجەرە، لەشەڕی نێوان داعش و پێشمەرگەدا لەجەلەولا، نزیکەی 186 پێشمەرگە شههید بوون، هەروەها لە ساڵی 2003 ەوە تا 2014، 154 هاوڵاتی کورد لە جەلەولا بوونهته قوربانی. کورد، عەرەبە کرویەکان بەدەست هەبوون لە خوێنی ئەو هاوڵاتی و پێشمەرگانە تۆمەتبار دەکات.
کاتێک هێزە کوردیەکان جەلەولایان کۆنترۆڵ کرد و عەرەبە کرویەکان ڕوویان لەبەعقوبە کرد، لە تۆڵەی گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە پێشمەرگەیەدا، هێزە کوردیەکان، گەڕەکی تەجنیدی ناحیەکەیان بەتەواوەتی ڕووخاند، کە گەڕەکێکی کروی نیشین بوو.
لەئێستادا تا ڕادەیەک دۆخی جەلەولا سەقامگیرە، لەکاتێکدا ململانێی سیاسی بۆ نێو قەزای خانەقین گوازراوەتەوە، بەو پێیەی کورد لەو قەزایە خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت و گروپە شیعەکانیش کار بۆ بەهێزکردنی پێگەیان دەکەن.
هەڵگیرسانی شەڕی نێوان کورد و عەرەبی کروی
شێخ یەعقوب لهێبی بەڕێوەبەری پێشووى ناحیەی جەلەولا، ئاماژەی بەوەکرد کێشەکانی جەلەولا فرە لایەنن و دەڵێت: "عەرەبە کرویەکانی جەلەولا، تا پێش ساڵی 2003 لەنێو بەعس دا دەسەڵاتداربوون، کاتێک بەعس ڕووخا و دەسەڵاتەکانیان لەدەستدا، دۆخەکەیان پێ قەبوڵ نەکرا."
کورد گومانی هەبوو کروییەکانی جەلەولا دەستیان لە ئاڵۆزی خانەقینیشدا هەبێت
بەڕێوەبەری پێشووى ناحیەی جەلەولا، ڕوونیشیکردەوە کوردیش سیاسەت و مامەڵەی لەگەڵ عەرەبەکانی ناوچەکەدا تەندروست نەبوو، بۆیە کێشەکان کەڵەکەبوون.
لە ساڵانی ڕابردوودا کورد گومانی هەبوو لەوەی کروییەکانی جەلەولا دەستیان لە ئاڵۆزی گوندەکانی دەوروبەری خانەقینیشدا هەبێت، کە هێرش دەکرایە سەر گوندەکان و ژمارەیەک هاوڵاتی کورد کوژران.
لە داعشهوه بۆ حەشدی شەعبی
گومانی کورد لە دەست هەبوونی عەرەبە کرویەکان لە ئاڵۆزیەکانی خانەقین دا لەوێوە چڕبووەتەوە، بەشێک لە کرویەکان پێشتر لەگەڵ داعشدا شەڕی پێشمەرگەیان کردووە، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا و لەڕیزی میلیشیا شیعەکاندا دەسەڵاتدارن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، عەقیدێکی پۆلیسی جەلەولا کە ئێستا لەدەوامدایە، ساڵی 2014 لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە بە تۆمەتی ڕادەستکردنی چەک و تەقەمەنیەکی زۆر بە داعش، خۆی و باوکی بۆ ماوەی 7 مانگ لە هەرێم دەست بەسەر بوون.
هەروەها ژمارەیەک ناوی تر دەست پەنجەرە کەوتوون، سەرجەمیان لە ساڵی 2014 پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا و لەڕیزی هێزە میلیشیاکاندان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو جەلەولا کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە پەنجەرەی وت: "پێش هاتنی داعش لەنێو بانزینخانەیەکی جەلەولادا، سەرۆک عەشیرەتی کرویەکان لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی دا دانیشتووە، پێیوتووە: کورد بێتە ناوچەکە باشترە، تا هێزی سەفەوی."
سەرچاوەکە، وتیشی: "دواتر کە ناکۆکی نێوان کورد و کرویەکان تەقیەوە، هەموویان چوونە پاڵ چەکدارە میلیشیاکان."