14 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دژ بە شێوازی دابەشکردنی زەوی دەوەستنەوە

٢٨ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:١٠ پاش نیوەڕۆ

14 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دژ بە شێوازی دابەشکردنی زەوی دەوەستنەوە

پەنجەرە

لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی، 14 ئەندامیان دژ بە شێوازی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەوەستنەوە و پێیانوایە دەبێت لەسەر بنەمای خاڵبەندیی بێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەبارەی پلانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لە کۆی 15 ئەندام، 14 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی، دژی شێوازەکە وەستاونەتەوە.

ئەندامە ناڕازییەکان، وتوویانە دابەشکردنی زەوی لەو ناوچانەی کە زەوییەکانیان بە بایەخە، دەبێت لەسەر بنەمای خاڵبەندیی بێت نەک ئیعتیباراتی دیکە، لەکاتێکدا شێوازی ئێستا ئەوە ڕەچاو ناکات.

هەر بەمهۆیەشەوە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەکان ناڕەزایەتیی خۆیان پیشانداوە.

لایخۆیەوە، سەرچاوەیەک لە پارێزگای سلێمانی کەنەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی پارێزگاریان لە بوونی تێبینییەکانیان لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی ئاگادارکردووتەوە، بەڵام لە کاتێکی درەنگی دەوامی ئەمڕۆدا.

لەمبارەیەوە پەنجەرە پەیوەندی بە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر- پارێزگاری سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات. هاوکات پەیوەندیشی بە لەیلا عومەر- سەرۆکی شارەوانی سلێمانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

بەوتەی سەرچاوەیەک لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دڵنیاییان داوەتە پارێزگار لە جیاکاریی نەکردن و خێرا دەستکردن بە پرۆسەکە، بەوپێیەی سەرووی 20 هەزار فەرمانبەر چاوەڕوانن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ئاداری ساڵی 2024 بڕیارییدا بە پێدانی زەوی بەسەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم کە سوودمەند نەبوون، ئەمەش بە ڕێنماییەک کە بە ژمارە 242 لە ڕێککەوتی 27ـی ئاداری 2024 دەریکرد. تائێستاش زەوییەکان دابەش نەکراون و شارەوانییەکان ئامادەکاریی بۆ پرۆسەکە دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو