"ماڵی نوێ"ـی پەرلەمانتاران دەبێتە "کێشەی نوێ"

٢٩ ئاب ٢٠٢٥ - ٩:٢٠ پاش نیوەڕۆ

"ماڵی نوێ"ـی پەرلەمانتاران دەبێتە "کێشەی نوێ"

په‌نجه‌رە، فەرمان سادق

لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە هەزار ڕۆژ لە پەککەوتن، ببێتە مایەی کردنەوەی گرێکوێرەکان، بەڵام یەکەمین کێشەی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم، نەک لە هۆڵی دانیشتنەکان، بەڵکو لەنێو یەکە نیشتەجێبووەکانیانەوە سەریهەڵدا.

ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران ناڕەزایەتییەکی توند لەبارەی کۆنی و پیسی ئەو ڤێللا و شوقانە دەردەبڕن کە بۆیان دابینکراوە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکی پەرلەمانی بۆ نۆژەنکردنەوەیان ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش گرژییەکی نوێی خستووەتە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە.


ڤێللای 2011 بۆ پەرلەمانتاری 2024

کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناو 116 یەکەی نیشتەجێبوونی پەرلەمان (60 ڤێللا لە گوندی ئیتاڵی و 56 شوقە لە ناز ستی)، هی ساڵی 2011 و خولی سێیەمی پەرلەمانن. ئەم یەکانە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە چۆڵکراون، ئەمەش بەهۆی بۆشایی یاسایی و پەککەوتنی پەرلەمانەوە بووە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی.

زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەی قسەیان کردووە، هاوڕان لەسەر ئەوەی یەکەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیەکی بنەڕەتی هەیە، بەڵام لە ترسی کاردانەوەی توندی شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامادەنین بە ئاشکرا ناوی خۆیان بهێنن. ئەم خۆپارێزییە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی مووچە و کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و ورووژاندنی ئەم بابەتە بە "داواکردنی ئیمتیازات" لێکدەدەنەوە.


بەرپەرچدانەوەی دارایی؛ پەرلەمان داوای ملیارات دەکات و حکومەت ڕەتیدەکاتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکان، دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە 11ـى ئابی 2024، بە نووسراوێکی فەرمی داوای سێ ملیار و 90 ملیۆن دیناری لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی یەکەکان. ئەم بڕە پارەیە بەمشێوەیە دابەشکرابوو:

ملیارێک و 100 ملیۆن دینار بۆ 55 ڤێللاكه‌.

150 ملیۆن دینار بۆ 5 ڤێللەکەی دەستەی سەرۆکایەتی.

840 ملیۆن دینار بۆ 56 شوقەکە.

بەڵام لە وەڵامێکدا کە ڕۆژی 27ـى تشرینی دووەمى 2024 دەرچووە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم بە فەرمی داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە بە بیانووی "نەبوونی پارەی پێویست".

 

شوقەکان گەورەن و کەلوپەلەکان زۆر کۆنن

 

ئەم ڕەتکردنەوەیە دیوانی پەرلەمانی ناچارکردووە چارەسەرێکی کاتی بدۆزێتەوە و بڕی تەنها دوو ملیۆن دیناری بۆ هەر پەرلەمانتارێک تەرخانکردووە. پەرلەمانتارێک دەڵێت: "دوو ملیۆن دینار بەشی بۆیەکردنەوەی شوقەیەکیش ناکات، چ جای گۆڕینی کەلوپەل و پێداویستییه‌كانى."

بەدەل بەرواری، پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست، کە بە ئاشکرا قسەی کرد، پشتڕاستی ئەم زانیارییانەی په‌نجه‌ره‌ى کردەوە و وتی: "شوقەکان گەورەن و کەلوپەلەکان هەم زۆر کۆنن هەمیش بەهۆی چۆڵییەوە زۆر پیس بوون."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەری هەیە لەسەر ئەرکی خۆی شوقەیەکی بچووکتر بە کرێ بگرێت.

دۆخەکە بە جۆرێکە، یەکێک لە پەرلەمانتاران ناچاربووە شەو لە هۆتێل بمێنێتەوە، چونکە شوقەکەی "بۆ مانەوە شیاو نه‌بووە."


کێشەیەکی بنەڕەتی: پەرلەمان بێ بودجەی سەربەخۆ

ئه‌گه‌ر له‌ ڕواڵه‌تدا كێشه‌كه‌ وه‌كو ئیمتیازێكى زیاتر بۆ په‌رله‌مانتاران لێكبدرێته‌وه‌، به‌ڵام ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم کێشەیە بە نیشانەی کێشەیەکی گەورەتر و بنەڕەتیتر دەزانن، ئەویش نەبوونی بودجەیەکی سەربەخۆیە بۆ پەرلەمان وەک دەسەڵاتی باڵای یاسادانان و چاودێریی.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، کە چاودێریی کاری پەرلەمانی دەکات، به‌ په‌نجه‌ره‌ى راگه‌یاند: "دەبوو پێش سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، ئەم یەکانە نۆژەن بکرێنەوە، ناکرێت پەرلەمانتاران بێ جێگە و ڕێگە بن."

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە "نابێت پەرلەمان چاوی لە دەستی حکومەت بێت، دەبێت پەرلەمان بودجەی سەربەخۆی خۆی هەبێت، نەک بۆ مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی دیکەی چاوەڕێی بڕیاری حکومەت بکات."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو