"به‌هۆی كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌ڵهات"... برای یەکێک لەو کەسانەی تۆمەتبارکراوە بە هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی قسە بۆ پەنجەرە دەکات
٣٠ ئاب ٢٠٢٥ - ٤:٠٣ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
یەکێک لەو گەنجانەی کە له ڤیدیۆكه‌ى ده‌زگاى ئاسایشی هه‌رێم- سلێمانى وه‌كو تۆمەتباری دانانى پلان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ناوى هاتووه و قسه‌ى كردووه، پێشتر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ناوچەی گەرمیانی بەجێهێشت، برایه‌كیشی قسه بۆ په‌نجه‌ره ده‌كات و بێئاگایی خێزانه‌كه‌یان له چوونى بۆ ناو "هێزه‌كه‌ى ئه‌ژی ئه‌مین" ده‌رده‌بڕێت.
کێشەی کۆمەڵایەتی
ئه‌و گه‌نجه ناوی (حسێن ڕەحیم)ـه و پێشتر دانیشتووى قه‌زاى كه‌لار بووه.
به‌وته‌ى محه‌مه‌د ڕه‌حیم، كه برایه‌تى و قسه‌ى بۆ په‌نجه‌ره كردووه، لە مانگی نیسانى ساڵی 2023، برایەکی تریان لەلایەن هاوڕێیەکییەوە لەسەر ڕووباری سیروان بە چەقۆ كوژراوه. حسێنی برای كه ئێستا ده‌ستگیركراوه وه‌كو تۆمه‌تبارێكى به‌شدار له‌و ڕووداوانه‌ى كه به دۆسییه‌ى "كوشتنى بافڵ تاڵه‌بانى" یان "ڕووداوه‌كانى لاله‌زار" ناوده‌برێت، هەوڵی تۆڵەکردنەوەی براکەی دەدات و له‌ناو بازاڕى كه‌لار تەقە لە دوو کەس دەکات و برینداریان دەکات.
دواتر دادوەر بە پێی ماددەی (405) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حسێن دەردەکات، بۆیە هەڵدێت و لە شوێنێکی نادیار دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی دەستگیرنەکرێت.
محەمەد رەحیم، برای حسێن، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "بەردەوام پۆلیس دەهاتنە ماڵمان بۆ دەستگیرکردنی حسێن، بەڵام ئەو لە باخەکانی دەوروبەری کەلار خۆی حەشاردابوو، ئێمەش نەماندەزانی لە کام باخە و قسەی نەدەکرد."
دەشڵێت: "حسێن لەناو ئەو باخانەدا لەبەر بێ پارەیی و خۆشاردنەوە بێزار بوو، ئەو پێشتر وەستای خشت بوو، کاسبی دەکرد، ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە نەبووایە هەرگیز چەکداری نەدەکرد."
له دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤیدیۆكه‌ى ده‌زگاى ئاسایش كه به‌وته‌ى خۆی دانپێدانانى تۆمه‌تباره به‌شداره‌كانى هه‌وڵى تیرۆركردنى بافڵ تاڵه‌بانییه، گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیی پارێزه‌رێك بڵاوكرایه‌وه، كه تیایدا باس له‌وه‌ده‌كات حسێن ڕه‌حیم (كه یه‌كێك بوو له تۆمه‌تباره قسه‌كه‌ره‌كانى نێو ڤیدیۆكه‌ى ئاسایش) ئێواره‌ى (28ـى ته‌موزى 2023) له‌ناو بازاڕى كه‌لار 14 فیشه‌كی لێداوه. دواى ڕووداوه‌كه‌ش ته‌قه‌كه‌ره ده‌ستگیر نه‌كراوه و سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و به‌رده‌وام بووه و ژیانی له مه‌ترسییدا بووه، بۆیه ناچار بووه كۆچ بكات بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات.
لە خۆحەشاردانەوە بۆ چەکداریی
لە كۆتاییه‌كانى ساڵی پاره‌وه، حسێن رەحیم باخەکانی دەوروبەری کەلار بەجێدەهێڵێت و ڕوو لە شاری هەولێر دەکات، لەوێ لای ئەژی ئەمین دەبێتە چەکدار.
محەمەد رەحیم دەڵێت: "پێشتر حسێن لای ئێمە ئەوەی باسنەکردووە کە لای ئەژی چەکدارە، بەڵام هەر جارە و بە ژمارەیەک تەلەفۆنی دەکرد و شوێنی خۆی پێنەدەگوتین."
بەپێی وتەی محەمەد ڕەحیم، هەفتەیەک پێش ڕووداوەکەی سلێمانی، براکەی پەیوەندی پێوەکردوون و پێیگوتوون لە مەشقە، بەڵام دوای ڕووداوەکەی لالەزار زانیویانە کە ڕۆژێک پێشتر هێنراوەتە سلێمانی.
محەمەد رەحیم وتی: "کاتێک حسێنی براممان لە کەناڵەکان بینی و ڤیدیۆی دانپێدانانەکەی بڵاوکرایەوە، توشی شۆک بووین؛ چونکە هەرگیز پێشبینی ئەوەمان نەکرد ئەو لەو ڕووداوانەدا هەبووبێت."
داواکاریی کەسوکاری
محەمەد رەحیم داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی دەکات ڕێگەیان پێبدەن بۆ ئەوەی کوڕەکەیان ببینن، چونکە وەکخۆی دەڵێت براکەی بەکارهێنراوە و لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی دووچاری ئەم کێشە گەورەیە بووەته‌وه.
محەمەد دەڵێت: "دەمانەوێت کوڕەکەمان ببینین، بزانین وەزعی چۆنە، پارە و جلوبەرگی بۆ ببەین."
دەشڵێت: "براکەم لە شەڕی داعـ..ـشدا دوو ساڵ خۆبەخش بوو، ئێمەش دوورین لەمجۆرە کێشانە، ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە نەبووایە هەرگیز توشی ڕووداوی وا نەدەبووین، بۆیە داواکارم وەکو قوربانی لە براکەم بڕوانرێت."