پسپۆڕێک: پێویستە ئالودەبوانی مادەی هۆشبەر وەکو قوربانیی سەیربکرێن
٣٠ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:٢٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پسپۆڕێکی بواری کۆمەڵایەتی ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی مادەی هۆشبەر دەکات، پێیشیوایە کێشە هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئالودەبوان و بە بۆچونی ئەو دەبێت وەکو قوربانیی تەماشا بکرێن
د. ژیا عەباس، مامۆستای زانکۆ و توێژەر لە بواری ماددەی هۆشبەر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 296 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئالودەی ماددە هۆشبەرەکانن، ئەمەش دەکاتە 8.5%ـی دانیشتوانی جیهان، زۆربەی ئالودەبووانیش تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە."
دەشڵێت: ژمارەی ئالودەبوان بەردەوام لە زیادبووندایە.
بەپێی ئامارەکانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (388) تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە (173) کەس بەکارهێنەر و(143) کەس بازرگانی ئاسایی بوون، (٧٢) کەسیش بازرگانی نێودەوڵەتی بوون.
د. ژیا عەباس، پێیوایە زۆریی قەیرانەکانی هەرێم هەر لە بوارەکانی ئابوری، سیاسی، تەندروستی، ژینگەیی و… هتد، وایکردووە مرۆڤ هاوسەنگی دەرونی لەدەستبدات و نەتوانێت بەئارامی بژی، دواجار ئەمەش دەبێتە پاڵنەر، چونکە خەڵک بەردەوام لە خەمی سبەیدایە ئایا دەتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی فەراهەم بکات.
دەڵێت: "بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیمان ناوچەیەکین هەمیشە لەژێر هەڕەشەی پلانی وڵاتانی جواردەورمانین و هەر کات کێشەیەک لە وڵاتانی دراوسێ ڕودەدات پریشکێکی ئاگرەکەمان بەردەکەوێت."
لەپاڵ مادەی هۆشبەر، بەکارهێنانی جگەرە و ڤەیپ و نێرگەلە و مادە کحولییەکانیش زیادی کردووە.
بەڕای د. ژیا عەباس، مەسەلەی ڤەیپ و نێرگەلە و ئاسایی بوونەوەی عەقڵ لەگەڵ کێشانی، بەو مانایەی کە بۆ هەرزەکارێک یان گەنجێک ئاسایی بێت لەپێش چاوی خێزانی بیکێشێت و کردنی بە مۆدێل، وا دەکات ئاڵودەبون بە مادەی هۆشبەریش ئاسایی بێتەوە.
وتیشی: توێژینەوەکان پێمان دەڵێن سەرەتایترین قۆناغ بۆ ئالودەبون بە مادەی هۆشبەر، لە کێشانی جگەرەیەکەوە دەست پێدەکات.
یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراق، هەموو بەکارهێنەرێکی مادەی هۆشبەر بە تاوانبار دەزانێت.
د. ژیا عەباس، پێیوایە دەبێت پێداچوونەوەیەک بەم بنەمایەدا بکرێت "پێویستە کەسی ئالودەبوو وەک قوربانی تەماشابکرێت".
بۆ چارەسەری دیاردەکەش، ئەو مامۆستایەی زانکۆ داوادەکات کاربکرێت بۆ پێشگرتن لە ئاڵودەبوون. وتی: "دەبێت پێشوەخت کاری جدی بکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و بەئاگا هێنانەوەی لە مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر هەتا ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت."