پێشنیازى سوریا و توركیا بۆ رۆژئاڤا: لامه‌ركه‌زیه‌ت به‌ تامی باكوور

١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:١٩ پاش نیوەڕۆ

پێشنیازى سوریا و توركیا بۆ رۆژئاڤا: لامه‌ركه‌زیه‌ت به‌ تامی باكوور

په‌نجه‌ره‌

توركیا و سوریا ده‌یانه‌وێت فه‌ره‌نسا له‌ پرسی رۆژئاڤاى كوردستان بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ناخه‌نه‌ پاریس، هاوكات فشار ده‌كه‌ن ڕۆژئاڤا ڕازیی بێت به‌ لامه‌ركه‌زیه‌تێكى سنووردار و هێزى چه‌كداریی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. هه‌سه‌ده‌ش هه‌موو پێشنیازه‌كان ڕه‌د ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ریكاش كه‌ قسه‌ى سه‌ره‌تا و كۆتایی خۆی ئه‌یكات، هێشتا بێده‌نگه‌.


شکستی کۆبوونەوەی پاریس: کێشەی بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا، تورکیا و بەریتانیا

بڕیار بوو نوێنەرانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پاریس کۆببنەوە، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام نەدرا، کە مایەی نیگەرانییەکی زۆر بوو بۆ فەرەنسا.

فەرەنسا دەیویست لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە ڕۆڵێکی دیار لە دۆسیەی سووریا بگێڕێت و کوردیش بە باشترین هێز دەزانیت بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بەتایبەت کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعشدا گێڕا و فەرەنساش وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشتیانی دەکرد.

سەرەڕای هەوڵەکانی فەرەنسا، ناڕەزایی توندی تورکیا و گومانەکانی بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە شکستپێهێنانی ئەم دەستپێشخەرییە.

تورکیا، کە خۆی بە خاوەنی سوریای نوێ دەزانێت، گومانی لە لایەنگری فەرەنسا بۆ کورد هەبوو. ئەنقەرە نایەوێت هیچ هێزێکی کوردی لە سووریا، بەتایبەت ئەو هێزانەی بە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار دەکرێن، دەسەڵاتێکی زۆریان هەبێت.

 

حکومەتی سووریا ڕەزامەندی دەربڕیوە بە پێدانی لامەرکەزیی ئیداری بە کوردانی ڕۆژاڤا

 

هەروەها بەریتانیاش لە ڕۆڵی فەرەنسا لەم ناوچەیەدا ئاسوودە نییە و پێیوایە هەر دەستێوەردانێکی تاکڕەوانەی فەرەنسا لەوانەیە هاوکێشە ئاڵۆزەکە زیاتر ئاڵۆز بکات.


ستراتیژیی تورکیا و ناڕەزایی کورد: هاوکێشەی لامەرکەزییەت و هێزی چەکداری

حکومەتی سووریا، بە گوشاری تورکیا یان بە مەبەستی ڕازیکردنی بەشێک لە داواکارییە نێودەوڵەتییەکان، ڕەزامەندی دەربڕیوە بە پێدانی لامەرکەزیی ئیداری بە کوردانی ڕۆژاڤا، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەم پێشنیارە ڕازی نین. 

ئەوەی حکومەتی سوریا بۆ کوردی سوریا پێیڕازیبووە هەمان ئەو فۆرمەیە کە تورکیا لە باکوور بە کوردی داوە، بەوەی دەسەڵاتی ئیداری لە شار و شارۆچکەکان هەبێت، بەڵام خاوەنی هێزی چه‌كداری تایبەت بەخۆی نەبێت.

هەسەدە پێیوایە ئەمە گواستنەوەی فۆرمی "کوردی باکوور"ـە بۆ ڕۆژاڤا، کە تێیدا کوردەکان تەنها دەسەڵاتی ئیدارییان لە شار و شارۆچکەکاندا هەیە، بەڵام بێ بوونی هیچ هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ. ئەمە وەک پیلانێکی تورکیا سەیر دەکرێت بۆ بێهێزکردنی هێزە چەکدارەکانی کورد لە سووریا.

لەم چوارچێوەیەدا، کورد لە سووریا ئامادە نییە هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕادەستی حکومەت بکات، بەڵکو داوا دەکات هەسەدە وەک هێزێکی ڕێکخراو بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام پێکهاتە و فەرماندەیی هێزەکە وەکخۆی بمێنێتەوە. 

 

تورکیا وەک فشارێک بۆ ڕازیبوونی هەسەدە بە پێشنیازەکەیان، دەستی بە بۆردومانی بەنداوی تشرین کرد

 

بە پێچەوانەوە، حکومەتی سووریا دەیەوێت چەکدارانی هەسەدە تاک بە تاک لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە دابمەزرێنرێن و بەتەواوی کۆنترۆڵیان بکات. ئەم کێشمەکێشە لەسەر دەسەڵاتی سەربازی و مانەوەی پێکهاتەی هێزەکانی هەسەدە وەکخۆی، خاڵێکی سەرەکی ناکۆکییە.

بۆردومانکردنەوەی بەنداوی تشرین لەلایەن تورکیاوە له‌م ڕۆژانه‌ى ڕابردوو، وەک جۆرێک لە فشار بۆ ناچارکردنی کورد بۆ قبوڵکردنی داواکارییەکانی حکومەتی سووریا سەیر دەکرێت. 


هەڵوێستی ئەمریکا: هاوسەنگییەکی ناسک لە نێوان بەرژەوەندییەکاندا

هەرچەندە تۆنی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا لەم دواییانەدا گۆڕاوە و بۆنی پاڵپشتیکردنی کوردی لێدێت، بەتایبەت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، بەڵام هێشتا کوردانی ڕۆژاڤا لە دڵەڕاوکێدان لەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی گەورەتردا پشتیان بەر بدات.

ئەوەی مەترسی لەسەر گۆڕانکاریی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر کوردانی سووریا دروست کردووە، نزیکبوونەوەی ئیدارەی پێشووی ترەمپ لە وڵاتانی کەنداو و چاوپۆشیکردنە لە تورکیا.

ئەمریکا بۆ ململانێی درێژخایەنی لەگەڵ چین و ڕووسیا، پێویستی بە تورکیا و سەقامگیری ناوچەکە هەیە. تورکیا، وەک ئەندامێکی ناتۆ و خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژی گرنگ، کارتێکی کاریگەرە لە دەستی ئەمریکادا.

لەگەڵ ئەوەشدا، خاڵێکی ئەرێنی بۆ بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کورد ئەوەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ساڵی 2014ـه‌وە هاوپەیمانێکی سەرەکی بوون لە شەڕی دژ بە داعش. ئەم ڕۆڵە گرنگە سۆزێکی زۆری بۆ هەسەدە لەناوخۆی ئەمریکادا دروست کردووە. پنتاگۆن و بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا بەردەوام ئاماژە بە توانای هەسەدە و گرنگییان دەکەن لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

جگە لەوەش، حکومەتی سوریا زیاتر لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە و ئەمەریکا تا ئێستا بەگومانەوە لێیدەڕوانێت، بەهۆی ئەو باکگراوەندە توندڕەوییەی گروپە پێکهێنەرەکانی حکومەتی سوریا هەیانە، لەمەشدا ئەمەریکا پێویستی بە هێزو جوگرافیایەک هەیە تا وەکو پێگەی خۆی لە سوریا لێیبڕوانێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو