دۆسییەی کوژرانی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە گەرمیان

٢٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٣٠ پێش نیوەڕۆ

دۆسییەی کوژرانی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە گەرمیان

برازایەکی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بۆ پەنجەرە: تاوانباری کوشتنی مامم پێشتر ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە کردووە

پەنجەرە

برازایەکی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم کەسایەتی دیاری گەرمیان، زانیاری نوێ بۆ پەنجەرە ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەکبەری حاجی رۆستەم لە هەولێر گەڕاوەتەوە بۆ کفری و بە نیاز نەبووە سەردانی گوندی ئۆمەربل بکات، بەڵام دواتر بەخێرایی بەرەو گوندەکەی ڕۆیشتووە.

شکار جمهور حاجی ڕۆستەم، برازای ئەکبەری حاجی رۆستەم، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاتێک مامم لە هەولێر گەڕاوەتەوە، کوڕێکی و برایەکی هاوسەرەکەی لەگەڵ بووە، کوڕەکەی پێیوتوە ئەگەر بۆ ئۆمەربل دەڕۆیت منیش لەگەڵت دیم، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە بڕوات بۆ گوندەکەی.

دەشڵێت: دواتر ڕۆیشتووەتە بەنزینخانەیەک و بەنزینی کردووە، پاشان بەخێرایی بەرەو گوندی ئۆمەربل ڕۆیشتووە، پێدەچێت تەلەفۆنی بۆ کرابێت ئەگینا پێشتر نەیویستووە سەردانی گوند بکات.

بەپێی وتەی برازاکەی ئەکبەری حاجی رۆستەم، وا دیارە تاوانبارەکە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە کردبێت، بەوپێیەی کاتێک ئەکبەر حاجی ڕۆستەم گەیشتووەتە سەر زەویوزارەکەی تەقەی لێکردووە.

شکار جمهور حاجی رۆستەم، وتییشی: ئەوەی دەوترێت گوایە دەمانچەکەی مامم براوە ڕاست نییە، چونکە ئەو لەهەولێر گەڕاوەتەوە و بە کەرکوکدا هاتوچۆ دەکات، بۆیە لەو کاتەدا دەمانچەی پێنەبووە.

سەبارەت بە زانیارییەکانی پەنجەرە کە پێشتر بڵاویکردەوە لەبارەی ئەوەی تاوانبارەکە ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەمی بردووە و بە گوندی 'دوانزە ئیمام'ـدا هەڵهاتووە، شکار جمهور وتی: ئەوە ڕاستە، بە گوندی دوانزە ئیمامدا هەڵهاتووە.

*
زانیاریی نوێ لەسەر تۆمەتباری کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە، گەنجە و دوای تاوانەکە بەڕێگەی گوندی 'دوانزە ئیمام'ـدا هەڵهاتووە.

سەرچاوە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تۆمەتبارەکە گەنجە و ئۆتۆمبیلەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی پێبووە، لەوکاتەی گەیشتووەتە نزیک کامیراکانی چاودێریی سەری داخستووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی.

سەرچاوەکە دەڵێت: پێدەچێت تاوانبارەکە بۆیە ڕێگەی گوندی 'دوانزە ئیمام'ـی بۆ هەڵهاتن گرتبێتەبەر، چونکە ئەگەر بەڕێگەکانی تردا ڕۆشتبایە بەتایبەت ڕێگەی زینانە و کفری، بازگەیان تێدا بوو.

*
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان: زانیاری هەیە دوای کوژرانی، ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم براوە

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایدەکات، زانیاری ئەوەیان بەدەست گەیشتووە دوای ئەوەی کوژراوە، ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم کەسایەتی دیاری گەرمیان براوە.

عەقید عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە گوندی ئۆمەر بل کوژراوە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە ڕووداوەکە.

وتیشی: زانیاری ئەوە لە ئارادایە دوای کوژرانی، ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەر حاجی رۆستەم براوە کە لە جۆری نیسانە دەبڵ قەمارەیە، لێکۆڵینەوە لەمەش دەکەین.

*
ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کەسایەتی دیاری شاری کفری کوژرا

بەپێی زانیارییەکانی میدیای پەنجەرە، ئەمشەو (22ـی ئەیلولی 2025)، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی دیاری شاری کفری و کادیری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، لە نێو زەویوزارەکەی خۆیدا لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە کفری، کوژراوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو