فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک جوتیاری کوردی خورماتوو دەرکرا
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٥٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک جوتیاری کوردی سنووری قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین دەرچوو، سەرچاوەیەکیش دەڵێت هەوڵ دەدرێت ئەو جوتیارانە دەستگیربکرێن و ناچار بکرێن بۆ ئەوەی دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن بۆ جوتیاری عەرەب.
ئەو جوتیارانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، لە گوندەکانی تەپەسەوز و حلێوەو چەند گوندێکی تری سنوری قەزای خورماتوو، لەسەر خاوەندارێتی 1800 دۆنم زەوی ناکۆکن لەگەڵ جوتیارە عەرەبەکاندا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی جوتیارە کوردەکان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کێشەی خاوەندارێتی زەوی ئەو گوندانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پرۆسەی ڕاگواستن و بەعەرەب کردن، دوای ڕووخانی بەعس کوردەکان گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان و عەرەبیش خۆی بەخاوەنی زەویەکان دەزانێت.
دادگاکانی عێراق چەند بڕیارێکیان لەبەرژەوەندی جوتیارە عەرەبەکان دەرکردووە، لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد ئەو بڕیارانە بە نایاسایی دەزانن و پێیانوایە بڕیارەکان لەسەر بنەمای لایەنداریی دەرکراون، ئەمە جگە لەوەی کێشەی ئەو زەویانە گرێدراوە بە مادەی 140ـى دەستورەوە نەک بڕیاری دادگا.
حەسەن محەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی، زانیارییەکانی پەنجەرەی پشتڕاستکردەوە، و وتى: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک جوتیاری کورد دەرکراوە، هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدرێت بۆ ئەوەی ناچار بکرێن و دەستبەرداری زەویەکانیان بن بۆ جوتیارە عەرەبەکان.