"157 کەسیان کورد بوون"؛ لە 9 مانگدا ئێران 1050 کەسی لەسێدارە داوه
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٥٨ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
لەماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا، (1050) کەس لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دراون، بەرپرسانی ڕێکخراوی هەنگاویش بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی لەسیدارەدان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو کە تایبەت بۆ پەنجەرە نێردراوە، لەو (1050) کەسەی ئێران لە سێدارەى داون، (157) کەسیان کوردن و ئەوانیتر نهتهوهكانى دیكهى ئێرانن.
ڕوونیشیدهكاتهوه: لەو (157) کوردەی لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، زۆربەیان خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان و ورمێن و بەشی زۆریشیان تۆمەتی دزیکردن و مادەی هۆشبەریان دراوەتە پاڵ.
هەر بەپێی ئامارەکەی ڕێکخراوی هەنگاو، لەو (1050) کەسە (34) کەسیان بەتۆمەتی سیاسی و مەزهەبی لە سێدارە دراون، کە (9) کەسیان تۆمەتبارکراون بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل.
ئامارەکانی ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدەکەن، زۆبەی ئەو کەسانەی لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا لەسێدارەدراون، تۆمەتی کوشتن، دزیکردن و ڕێگرتن بە چەکەوە، دەستدرێژی سێکسی و مادەی هۆشبەریان دراوەتە پاڵ.