مۆندیال لەژێر ڕەحمەتی موشەکدا؛ مێژووی ئەو پاڵەوانێتییە جیهانییانەی جەنگ هاوڕێیەتی دەکردن
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٠٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا جیهان دیقەتی ساتی لێدانی فیکەی دەستپێکی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ دەدات، هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان جارێکی دیکە سێبەری قورسی خۆیان بەسەر گەورەترین ڕووداوی وەرزشیی جیهاندا دەکێشن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتانی خانەخوێی ئەم خولە، لە کاتێکدا پێشوازی لەم فیستیڤاڵە جیهانییە دەکات، کە چەند مانگێکە لە دۆخی جەنگێکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران؛ وڵاتێک کە خۆشی وەک هەڵبژاردەیەکی بەشداربوو لە نێو یاریگەکاندایە.
ئەم دۆخە ئاڵۆزە هەرێمی و نێودەوڵەتییە، پەیوەندییە مێژوویی و سێبەرە تاریکەکانی نێوان وەرزش و سیاسەت دەهێنێتەوە پێشەوە و نیشانی دەدات کە چۆن گۆڕەپانی یارییەکان هەمیشە لەژێر کاریگەریی ململانێ چەکدارییەکاندا بوون.
مێژووی مۆندیال؛ کاتێک تۆپی پێ بەسەر دەنگی موشەکدا باڵادەستە
تێڕوانین بۆ مێژووی مۆندیال و خولە وەرزشییە گەورەکان لە دوای دامەزراندنیانەوە لە ساڵانی ١٨٩٦ (ئۆڵۆمپیاد) و ١٩٣٠ (مۆندیال)، دەری دەخات کە سێبەری جەنگ کەمجار گۆڕەپانی وەرزشی جێهێشتووە:
* جەنگی جیهانیی یەکەم و خولی ئینگلیزی: دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم لە ئابی ١٩١٤، خولی نایابی ئینگلتەرا و جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە وەرزی ١٩١٤-١٩١٥ بەردەوام بوون. لە بەرەکانی جەنگیشدا، سەربازانی هەردوولا تۆپی پێیان وەک ئامرازێکی کات بەسەربردن و بەرزکردنەوەی وورە بەکاردەهێنا، هەرچەندە دواجار زۆرێک لە یاریزانان ناچار بوون چەک هەڵگرن و یارییەکان تا کۆتایی جەنگ ڕاگرن.
*تەنگژە گەورەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم: یەکەمین خولی مۆندیال لە ساڵی ١٩٣٠ لە ئۆروگوای، لەژێر کاریگەریی داتەپینی مەزنی ئابووریی جیهاندا بەڕێوەچوو. مۆندیالی ١٩٣٨ی فەرەنساش لە کەشێکی تەواو شێواوی هاوکات لەگەڵ جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا و لکاندنی نەمسا بە ئەڵمانیای نازییەوە ئەنجامدرا. دواتریش بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەمەوە، خولەکانی ١٩٤٢ و ١٩٤٦ بە تەواوی هەڵوەشێنرانەوە.
*جەنگی سارد و ململانێ هەرێمییەکان: مۆندیالی ١٩٥٠ی بەڕازیل هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای جەنگی سارد و هەڵگیرسانی جەنگی کۆریا. لە ماوەی جەنگی ڤێتنامدا (١٩٥٥-١٩٧٥)، پێنج خولی جیاوازی مۆندیال بەڕێوەچوون.
*سەردەمی نوێ و جەنگە بەردەوامەکان: ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٤ لە کاتی جەنگی بۆسنەدا میوانداری مۆندیالی کرد. خولی ٢٠٠٢ی کۆریای باشوور و ژاپۆن لە مۆسیقای جەنگی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەدەر نەبوو، مۆندیالی ٢٠٠٦ی ئەڵمانیاش سێ ساڵ دوای داگیرکردنی عێراق بەڕێوەچوو. مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەریش تەنیا چەند مانگێک دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، کە تێیدا سەرۆکی فیفا داوای ئاگربەستی کاتی کرد بەڵام بێسوود بوو.
مۆندیالی ٢٠٢٦؛ لە نێوان هێرشە ئاسمانییەکان و فیکەی یاریگەدا
مۆندیالی ٢٠٢٦ لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا، لە ناو جەرگەی یەکێک لە قورسترین قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەدەچێت. هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوای ئاگربەستێکی کورتخایەن دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە. ئەمە جگە لە بەردەوامیی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززە، و درێژەکێشانی جەنگ لە ئۆکرانیا و سودان
دواین پێشهات
تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یاریی کردنەوەی مۆندیال لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی "لێدانێکی زۆر سەخت و کاریگەر" ئاراستەی ئێران دەکات. ئەم لێدوانە هێندەی دیکە دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، لە کاتێکدا ناوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵێکی بێوچان دان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەقینەوەی تەواوەتی جەنگەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا. بەڵام دواتر ترەمپ پاشگەزبوویەوەو ئەگەری گەیشتن بەرێککەوتنی وروژاندەوە.
ئۆڵۆمپیاد؛ "خولە ونبووەکانی" مێژوو
کاریگەریی جەنگەکان تەنیا لە مۆندیالدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو یارییەکانی ئۆڵۆمپیادیش لە مێژووی نوێی خۆیاندا سێ جار بە تەواوی بەهۆی جەنگەوە هەڵوەشێنراونەتەوە:
١. خولی ١٩١٦ (بەرلین): ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا ستاۆدیۆمێکی گەورەی ٣٠ هەزار کەسیی بۆ ئامادە کردبوو، بەڵام بەهۆی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە هەڵوەشایەوە و ئەڵمانیا لە دوو خولی دواتریش بێبەش کرا.
٢. خولی ١٩٤٠ (تۆکیۆ/هێلسینکی): ژاپۆن بەهۆی جەنگی لەگەڵ چین پاشەکشەی کرد، دوای گواستنەوەی بۆ فینلەنداش، بەهۆی هێرشی نازییەکان بۆ سەر پۆڵەندا بە تەواوی ڕاگیرا.
٣. خولی ١٩٤٤ (لەندەن): بەهۆی بەردەوامیی جەنگی جیهانیی دووەمەوە هەڵوەشایەوە.
ئەم خولانەی ساڵی ١٩٤٠ و ١٩٤٤ لە مێژووی وەرزشدا بە "ئۆڵۆمپیادە ونبووەکان" ناو دەبرێن، کە تێیدا دەنگی چەک و باروودۆخی سیاسی، مافی وەرزش دۆستانی جیهانی پێشێل کرد. بەم شێوەیە، مۆندیالی ٢٠٢٦ دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئایا وەرزش دەتوانێت ببێتە پردی ئاشتی، یان یاریگەکانیش دەبنە قوربانی ململانێی هێزە گەورەکان.