قەیرانی شەرعییەت؛ حوکمڕانیی هەرێم لەنێوان حکومەتی کاربەرێکەر و پەرلەمانی ئیفلیجدا

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٢٩ پاش نیوەڕۆ

قەیرانی شەرعییەت؛ حوکمڕانیی هەرێم لەنێوان حکومەتی کاربەرێکەر و پەرلەمانی ئیفلیجدا

پەنجەرە

هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی دەستووریی و سیاسیدایە؛ لە لایەکەوە کابینەی نۆیەمی حکومەت تەمەنی یاسایی خۆی تێپەڕاندووە و لە لایەکی دیکەشەوە پەرلەمانی کوردستان ئیفلیجکراوە. ئەم دۆخە پرۆسەی دیموکراسی و شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

حکومەتێک لەنێوان چاوەڕوانیی پێکهێنان و درێژبووەوەی تەمەنیدا

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ٩ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گفتوگۆی ئاڵۆز و چاوەڕوانیی لایەنە سیاسییەکان، دواجار لە ١٠ی تەممووزی ٢٠١٩دا لە پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێبەخشرا.
ئێستا کە نزیکەی حەوت ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی ئەو کابینەیەدا تێپەڕ دەبێت، بەپێی عورفی یاسایی دەبوو لەم ماوەیەدا کابینەی تەمەنی کابینەی نۆ کۆتایی هاتبا و کابینەی دەش لەکۆتایی تەمەنیدا بووایە، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە، هێشتا ئاسۆی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت بە تەواوی نادیارە.

بەمپێیە تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەبری چوار ساڵ، تەنها ٢٨ رۆژی ماوە بۆ حەوت ساڵ و هێشتا دیاریش نییە کەی تەمەنەکەی کۆتایی دێت.

پەرلەمانی کوردستان؛ لە درێژکردنەوەی تەمەنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسایی

پڕۆسەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدایە و بەتەواوەتی ئیفیلجکراوە. دوای ئەوەی لە ئەیلوولی ٢٠١٨دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، تەمەنی یاسایی پەرلەمان چوار ساڵ بوو، بەڵام ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی تردا ڕۆشتن:
 * رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢: پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی خۆی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژکردەوە.
 تۆمارکردنی سکاڵا: ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە؛ هەریەکە لە د. یوسف محەمەد (سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان) و سروە عەبدولواحید (سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق) لە دژی درێژکردنەوەکە سکاڵایان لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆمارکرد.
 * لە رۆژی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣: دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی خۆی دا و ڕایگەیاند کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نایاساییە و بڕیاری درێژکردنەوەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کە لە مانگی دەی ساڵی ٢٠٢٤ ەوە هەڵبژێردراوە، هێشتا دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هەڵنەبژێردراوە و هیچ کۆبوونەوەیەکی لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا ئەنجام نەداوە.

بەمپێیە ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی پەرلەمانێکی ئیفلیجکراو و حکومەتێکی کاربەرێکەرە، ئاسۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کارا کردنەوەی پەرلەمان بەنادیاریی ماوەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو