سیخوڕی لە نێوان دۆستاندا؛ ئایا ئیسرائیل هێڵە سوورەکانی ئەمریکای بەزاندووە؟
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پنتاگۆن ئاستی هەڕەشەی سیخوڕیی ئیسرائیلی بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گەیاندووەتە بەرزترین ئاست، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا بە فەرمی ئەم بابەتە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام کێشەکە مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA) کۆمەڵێک زانیاریی ناوخۆیی دزە پێکردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، پنتاگۆن ئاستی هەڕەشەی سیخوڕیی ئیسرائیلی بۆ باڵاترین ئاست پۆلێن بەرزکردووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی فراوانبوونی بەرچاوی چالاکییە هەواڵگرییەکانی تەلئەڤیڤ دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، واشنتن ئەم دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ئۆرشەلیمیش جەختی کردەوە کە ئەم زانیارییانە "بەتەواوی ناڕاستن".
سەرەڕای ئەم ڕەتکردنەوەیە، ڕاپۆرتەکان دەنگدانەوەی گەورەیان لە واشنتن دروستکردووە، چونکە ئیسرائیل بە یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دادەنرێت. لە هەمان کاتدا، ئەم بابەتە کێشەیەکی کۆن هەڵدەداتەوە، ئەویش بێمتمانەیی دوولایەنەیە لە چالاکییە هەواڵگرییەکاندا، لە کۆتاییدا، پێدەچێت بابەتەکە پەیوەندی بە شتێکی تەواو جیاوازەوە هەبێت.
سیخوڕی لە نێوان دۆستاندا؛ ئایا هەمیشە ههبووه؟
ئەم هەواڵە، لێدوانێکی ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیامان بەبیردەهێنێتەوە، کاتێک ئاشکرا بوو کە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (NSA) چاودێریی مۆبایلەکەی کردووە، مێرکڵ وتی: "سیخوڕیکردن لە نێوان دۆستاندا بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە." بەڵام کەمێک دوای ئەوە دەرکەوت کە ئاژانسی هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا (BND) خۆیشی بۆ چەندین دەیە سیخوڕی بەسەر وڵاتان، حکومەتەکان و دامەزراوە هاوپەیمانەکانیدا کردووە.
ئێریک شمیدت-ئینبۆم، شارەزای هەواڵگریی ئەڵمانی، پێیوایە تەنانەت وڵاتە دۆستەکانیش بە شێوەیەکی ڕۆتینی سیخوڕی بەسەر یەکترەوە دەکەن، بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەو دەڵێت:مۆساد لەناو خاکی ئەمریکادا، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتیدا، چەندین ئۆپەراسیۆنی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ئەنجامداوە. لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل هەمیشە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بووە بۆ ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکاندا، بەتایبەتی لە کاتی شەڕەکاندا."
کەیسە ناسراوەکانی سیخوڕیی ئیسرائیل دژی ئەمریکا
گرنگترین و دیارترین کەیسەکانی سیخوڕیی ئیسرائیل لە ئەمریکا بریتیین لە:
* کەیسی جۆناسان پۆلارد (1987): پۆلارد ئەفسەرێکی هەواڵگریی هێزی دەریایی ئەمریکا بوو کە زانیاریی نهێنی بۆ ئاژانسێکی هەواڵگریی ئیسرائیل دزە پێکرد. بەپێی ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، ئەو لە بەرامبەر ئەمەدا دەیان هەزار دۆلاری وەرگرتووە. دوای دانپێدانانەکەی، لە ئەمریکا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. لە ساڵی 2015 بە مەرج ئازادکرا و لە ساڵی 2020 کاتێک گەشتی بۆ ئیسرائیل کرد، لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا. شمیدت-ئینبۆم وتی : "ئەم پێشوازییە سووکایەتی بوو بەرامبەر ئەمریکییەکان."
* کەیسی لۆرانس فرانکلین (2004): شیکەرەوەیەکی سیاسی بوو لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، زانیاریی نهێنی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، لە ڕێگەی گرووپی فشاری لایەنگری ئیسرائیل "ئایپاک" (AIPAC) بۆ ئیسرائیل گواستبووەوە. هەرچەندە ئایپاک و ئیسرائیل ئەمەیان ڕەتکردەوە، بەڵام فرانکلین بە تۆمەتی سیخوڕی مەحکوم کرا.
*بەڵگەنامەکانی ئێدوارد سنۆدن (2013): لەم بەڵگەنامانەدا دەرکەوتووە کە "هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا" لە ساڵی 2008دا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "سێیەم توندڕەوترین و شەڕەنگێزترین دەزگای هەواڵگری بووە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
ئەمریکا سیخوڕیی بەسەر کام هاوپەیمانیدا کردووە؟
ئێدوارد سنۆدن بەهۆی دزەپێکردنی بەڵگەنامەکانەوە ناوبانگی دەرکرد، چونکە ئاشکرای کردکە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و ئاژانسەکانی دیکە بەبێ هۆکار چاودێریی ملیۆنان کەسیان کردووە.
بەڵگەنامەکان دەریانخستووە کە ئەمریکا چاودێریی هاوپەیمانە نزیکەکانی خۆی کردووە، لەوانەش:
ئەنگێلا مێرکڵ (ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا).
سەرۆکە کۆنەکانی فەرەنسا: ژاک شیراک، نیکۆلا سارکۆزی، و فرانسوا ئۆلاند.
لەکۆتاییەکانیشدا لە ساڵی 2023، بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی پنتاگۆن دەریانخست کە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چاودێریی کۆبوونەوە ناوخۆییەکانی حکومەتی کۆریای باشووریان کردووە (هەرچەندە هەردوولا ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاند کە زۆربەی بەڵگەنامەکان ساختەن).
بۆچی ئەم کەیسەی ئێستا هێندە هەستیار و سەرنجڕاکێشە؟
بێگومان دەبێت ئەم ئابڕووچوونە لە چوارچێوەی ململانێی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، و پەیوەندییە گرژەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆدا سەیر بکرێت. لە کاتێکدا پێدەچێت سەرۆکی ئەمریکا هەوڵبدات بە زووترین کات ململانێکان چارەسەر بکات، بەڵام نەتانیاهۆ لە ڕوانگەی ترەمپەوە کارێکی ئەوتۆ ناکات بۆ جێگیرکردنی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی کە هەیە.
بەپێی هەڵسەنگاندنە جیاوازەکان، ئەگەر هەیە ئیسرائیل هێڵی سووری بەزاندبێت بەهۆی چاودێریکردنی بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پەیوەندییان بە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە، لەوانەش "ستیڤ ویتکۆف" نێردراوی تایبەتی ئەمریکا و چەندین فەرمانبەری وەزارەتی بەرگری.
بۆیە بەرزکردنەوەی ئاستی مەترسیی سیخوڕیی ئیسرائیل، گوزارشت لە قەیرانی متمانە لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ دەکات. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی ئەم زانیارییانە گەیشتنە دەستی ڕای گشتی، لە کاتێکدا پێدەچێت بە پێچەوانەی ویستی حکومەتی ئەمریکاوە بووبێت؟
پەیامێکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ترەمپەوە؟
بۆ شارەزا ئێریک شمیدت-ئینبۆم، ڕاستی یان ناڕاستی ئەم زانیارییانە بابەتێکی لاوەکییە؛ ئەو قەناعەتی تەواوی هەیە کە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا خۆی بووە، چونکە ترەمپ بەدوای ئامرازێکدا دەگەڕێت بۆ فشاری دیپلۆماسی لەسەر ئیسرائیل.
ئەو شارەزایە دەڵێت:ترەمپ بەهۆی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسەوە کە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، ناتوانێت لۆبی ئیسرائیلی لە ئەمریکا لە خۆی تێکبدات، بۆ نموونە ناتوانێت بە سادەیی هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل کەم بکاتەوە. بەڵام کاتێک ئەو تێڕوانینە دروست دەبێت کە ئیسرائیل لە ڕێگەی سیخوڕییەوە زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت، کەمکردنەوەی هاوکارییەکان یان فشارکردن زۆر ئاسانتر دەبێت. ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتێکی لەباری هەیە بۆ فشارکردنە سەر ئیسرائیل تا بۆردومانەکان ڕابگرێت و هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە."