ئەو فیکەیەی سیاسەت بێدەنگی نەکرد

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٢٤ پاش نیوەڕۆ

ئەو فیکەیەی سیاسەت بێدەنگی نەکرد

پەنجەرە

لەو کاتەی عومەر ئارتان، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سۆماڵی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەیامی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دابەزی، خەونێکی گەورەی لە کۆڵەپشتەکەیدا هەڵگرتبوو؛ خەونی بوون بە یەکەم ناوبژیوانی سۆماڵی لە مێژوودا کە یارییەکانی مۆندیال بەڕێوە ببات. بەڵام ئەوەی لە پشت دەروازە ئەمنییەکان چاوەڕێی دەکرد، ١١ کاتژمێر لێکۆڵینەوەی توند و بڕیارێکی دیپۆرتکردنەوە بوو کە هەموو جیهانی وەرزشی هەژاند.

کاتێک خەونەکان لەسەر سنوور لەگۆڕدەنرێن

عومەر ئارتان، ٣٤ ساڵ، ساڵی ٢٠٢٥ وەک باشترین ناوبژیوانی کیشوەری ئەفریقا دەستنیشانکرا، بە پاسپۆرتێکی دیپلۆماسی و ڤیزایەکی فەرمیی (G-4)ـی سەر بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گەیشتە ئەمەریکا بۆ بەشداریی لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی جامی جیهانی کە لە هەرسێ وڵاتی (ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیک) بەڕێوەدەچێت.

بەڵام دەستەی گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا، بە بیانووی "مەترسی ئەمنی" و "گومان لە پەیوەندی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان"، ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی کرد.

ئارتان وەکخۆی ئاماژەی بۆداوە، لە ژوورێکدا دوای پشکنینی وردی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەی، ڕووبەڕووی پرسیارگەلێک بووەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە یاساکانی تۆپی پێوە نەبوو. هەرچەندە ئەو بە توندی هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەو تەنها وەرزشوانێکە، بەڵام دواجار بڕیار بەوە درا ڕێگەی هاتنە ناوەوەی بۆ ئەمەریکا پێنەدرێت.

بێدەنگیی فیفا و پێشوازیی قارەمانانە لە مەقادیشۆ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، لە لێدوانێکدا کە زۆرێک بە "بێهێز" وەسفیان کرد، ڕایگەیاند: "ئێمە پاشای جیهان نین تا فەرمان بە حکومەتەکان بدەین." فیفا بە فەرمی ئارتانی لە مۆندیالی ٢٠٢٦ دوورخستەوە، بەو پاساوەی کە نەیتوانیوە لە کەمپی مەشق و ڕاهێنانی ناوبژیوانان لە مەیامی ئامادە بێت.

ئەم بڕیارە شەپۆلێکی توڕەیی لە سۆماڵ و ئەفریقا لێکەوتەوە. کاتێک ئارتان گەڕایەوە مەقادیشۆی پایتەخت، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی پێشوازی لێکرا. وەزیری وەرزشی سۆماڵ ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە "ستەمێکی گەورەیە و لەسەر بنەمای ڕەگەزنامە دراوە، نەک لێهاتوویی."

سوپرایزەکەی یوفا

لەم کاتەدا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) هەڵوێستێکی مێژوویی و چاوەڕواننەکراوی نواند. تەنها دوو ڕۆژ دوای دوورخستنەوەی لە مۆندیال، بڕیاریدا عومەر ئارتان وەک ناوبژیوانی یاری کۆتایی "سوپەری ئەوروپا ٢٠٢٦" دەستنیشان بکات.

بەم بڕیارە، ئارتان دەبێتە یەکەم ناوبژیوانی ئەفریقی لە مێژوودا کە یارییەکی کۆتایی فەرمی سەر بە یوفا بەڕێوە ببات، کە بڕیارە لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٦ لە شاری سالزبۆرگی نەمسا لە نێوان هەردوو یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی ئەنجام بدرێت.

لەنێوان سیاسەت و وەرزش دا

ئەم چیرۆکە تەنها دەربارەی فیکەیەک و یارییەک نییە؛ بەڵکو چیرۆکی ململانێی سیاسەت و وەرزشە.

د. تیدروس ئەدهانوم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە پەیامێکدا بۆ ئارتان نووسیویەتی: "دوورخستنەوەت لەو یاریگایەی کە بە لێهاتوویی خۆت پێی گەیشتبوویت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە تۆ ئیلهامبەخشی نەوەیەکی نوێیت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو