گەمەی دوو فاقیی ترەمپ؛ هێرش بۆ سەر کورد و فشاری ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٢٧ پاش نیوەڕۆ

گەمەی دوو فاقیی ترەمپ؛ هێرش بۆ سەر کورد و فشاری ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل

پەنجەرە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ڕەخنە بووەتەوە سەبارەت بە ستراتیژیەتی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
شارەزایان پێیانوایە کە ترەمپ لە ئێستادا یارییەکی “دوو فاقیی” دیپلۆماسی دەکات؛ لەلایەک کورد بەکاردەهێنێت بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر شکستی سیاسەتەکانی خۆی، و لەلایەکی تریشەوە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر ئیسرائیل بەبێ ئەوەی لۆبی جولەکە لە ناوخۆی ئەمریکا لەدەست بدات.

ترەمپ و کورد؛ گەمەی دۆزینەوەی "بەرپرسیار" بۆ شکستەکان

لە لێدوانێکی نوێیدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز)، دۆناڵد ترەمپ هێرشی کردە سەر کورد و  بەوە تۆمەتباری کرد کە دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرتووە کە واشنتن بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی ناردبوو. 
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "لە کوردەکان نائومێد بووە".
ئەم تۆمەتبارکردنە لەکاتێکدایە کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان بە توندی ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە هیچ چەکێکی ئەمریکییان بۆ ململانێ نێوخۆییەکانی ئێران دەستبەسەر دانەگرتووە.
چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە ئەم لێدوانانەی ترەمپ تەنها هەوڵێکە بۆ ڕاکردن لە ڕەخنەکان. ناوبراو پێشتر شەقامی ئێرانی بۆ ڕاپەڕین دژی کۆماری ئیسلامی هاندا، بەڵام لە کردەوەدا هیچ پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی پێشکەش نەکردن. ئێستاش دەیەوێت بە تۆمەتبارکردنی کورد، خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەو شکستە بدزێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئیسرائیل پەردەیان لەسەر نهێنییەکی دیکە لادا و ئاشکرایان کرد کە ترەمپ لاری نەبووە لە ناردنی چەک بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دوای دەستوەردان و ڕێگرییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، پاشگەز بووەتەوە.

پەیامە ناڕاستەوخۆکان بۆ تەلئەبیب؛ سیخوڕی لەبەرامبەر هاوکارییەکاندا

هاوتەریب لەگەڵ دۆسیەی کورددا، ترەمپ لە ڕێگەی میدیاکانەوە پەیامێکی ناڕاستەوخۆ و توندی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و تەلئەبیبی بە سیخوڕیکردن بەسەر واشنتنەوە تۆمەتبار کردووە. بنچینەی ئەم ناکۆکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ترەمپ لەگەڵ بژاردەی دانوستاندایە، لەکاتێکدا ئیسرائیل بە تەواوی دژی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکە.
ئێریک شمیدت-ئینبۆم، شارەزای ناوداری بواری سیاسی، پێیوایە ڕاستی یان ناڕاستی ئەم تۆمەتانە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵکو گرنگییەکە لە کاتی بڵاوکردنەوەیاندایە کە بە هەماهەنگیی تەواوی حکومەتی ئەمریکا بووە.

هۆکاری پەنابردنی ترەمپ بۆ ئەم تاکتیکە چییە؟

 بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا، ترەمپ ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل کەم بکاتەوە، چونکە لۆبی بەهێزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لەدەست دەدات.

 کاتێک لە میدیاکانەوە وێنای ئەوە دەکرێت کە ئیسرائیل لە ڕێگەی سیخوڕییەوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت، فۆڕمی فشارەکان دەگۆڕێت.
 بەم تاکتیکە، ئیدارەی ئەمریکا دەتوانێت بە ئاسانی فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی بۆردومانەکانی ڕاگرێت و هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنەی سیاسی ببێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو