هەژماری من؛ ئەو بۆمبەی پێشبینی تەقینەوەی بە کۆمەڵێک پەرلەمانتاردا دەکرێت

٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:١٦ پاش نیوەڕۆ

هەژماری من؛ ئەو بۆمبەی پێشبینی تەقینەوەی بە کۆمەڵێک پەرلەمانتاردا دەکرێت

پەنجەرە

ململانێی نێوان لایەنگر و نەیارە سیاسییەکانی "هەژماری من" بە ئێستاشەوە بەردەوامە، بەشێک لە لایەن و پەرلەمانتاران دژی "هەژماری من" و پشتگیری "تەوتین" دەکەن، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت "هەژماری من" ببێتە بۆمبێک و بە نەیارەکانیدا بتەقێتەوە.

هەژماری من، پرۆژەی بە بانکییکردنی موچەی موچەخۆرانە، بەوەی لە بری دەستی، ئیتر لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە موچەکانیان پێبدرێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەکەدا، بەتەنها پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی "هەژماری من"ـی کرد، لەکاتێکدا سەرجەم حزب و لایەنەکان دژی بوون و پشتگیریی "تەوتین"ـیان دەکرد، کە ئەمەی دواییان مەبەست لێی بە بانکییکردنی موچەی موچەخۆرانە لە بانکە دەوڵەتییە عێراقییەکان، بەپێچەوانەی هەژماری من کە تەنها یەک بانکی دەوڵەتیی عێراقیی تێیدا بەشدارە و بانکەکانی تر هەموویان ئەهلیین.

لە ئێستادا جگە لە یەکێتی کە گوتاری بەرامبەر بە پرۆژەی هەژماری من نەرمتر بووە، لایەنەکانی تر هێشتا دژی ئەو پرۆسەیەن.


هەژماری من؛ بۆمبە تەوقیتکراوەکە 

ڕەنگە دژایەتیکردنی "هەژماری من" لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە ئاسانی تێپەڕێت، بەو پێیەی ئەوان لە بانکە عێراقییەکان موچەی مانگانە وەردەگرن و ناچار ناکرێت پەنا بۆ "هەژماری من"بەرن.

دۆخەکە بۆ ئەو پەرلەمانتار و سیاسییانە جیاوازترە کە موچەخۆری پەرلەمانی کوردستانن، بەو پێیەی کار لەسەر بە ئەلیکترۆنی کردنی موچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە دەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر دژی "هەژماری من" بوون تێگەیشتوون لەوەی کە ڕەنگە هاوکێشەکەیان بەسەردا قەڵپ بکرێتەوە، بەوپێیەی کاتێک موچەکانیان دەخرێتە سەر "هەژماری من" ڕەنگە هەڵای ڕاگەیاندنیشیان لەدژ دروست بکرێت.

دروستکردنی هەڵای ڕاگەیاندن بەوەی ئەو پەرلەمانتارانە پێشتر دژی "هەژماری من" بوون، بەڵام کاتێک لە ڕێگەی ئەو هەژمارە موچە وەردەگرن کەواتە ناچار دەبن پێچەوانەی بانگەشەکانی پێشووتریان دانی بە پرۆسەکەدا بنێن.

تەنها پەرلەمانتارانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دژی "هەژماری من" نەبوون، بەڵکو چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتمانی هەڵوێستیان لەوان توندتر بوو بەرامبەر بەو پرۆژەیەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا ناچار بکرێت موچەی لێوە وەربگرن.


لەنێوان سەرکەوتن و شکستدا

لەکاتێکدا هێشتا "تەوتین" بەشێکە لە بانگەشەی ژمارەیەک کاندیدی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام پەرلەمانتارێکی پارتی سەرکەوتنی "هەژماری من" و شکستهێنانی "تەوتین" ڕادەگەیەنێت.

شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هەژماری من چەسپا و جگە لە کۆمەڵێک خەڵکی لابەلا کەس تێبینی لەسەر نییە."

بەپێی پێگەی "هەژماری من"، نزیکەی 600 هەزار موچەخۆر کارتە بانكییه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا وەرگرتووەتەوە، هەروەها 90%ـى فەرمانبەرانی مەدەنی لە پارێزگای سلێمانی “هەژماری من”ـیان پڕ کردووەتەوە.

شوان محەمەد، دەڵێت: "هەژماری من هیچ گرفتێکی نییە و لەداهاتوودا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری کوردستان."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو