کۆرمۆر ڕۆژانە ١٠٠٠ تۆن غاز بەرهەم دەهێنێت؛ بۆچی قەیرانی غازی ماڵان هێشتا بەردەوامە؟
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کارەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامیی قەیرانی غازی ماڵان و بەردەوامی گرانی نرخەکەی، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ کەمبوونەوەیەکی بەخۆیەوە نەدیوە، ئەمەش نیشانەی پرسیار لەسەر هۆکاری بەردەوامیی قەیرانەکە دروست دەکات.
سەرچاوەکە بە پەنجەرەی راگەیاند: رۆژانە هەزار تۆن گازی شلی ماڵان (LPG) لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت. پێشتر نرخی غازی ماڵان لە نێوان هەشت بۆ نۆ هەزار دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گرانتر بووە، لە کاتێکدا بڕی بەرهەمهێنانی غازەکە هاوشێوەی پێشترە و کەمینەکردووە."
دابینکردنی غازی وێستگەکانی کارەبا
سەبارەت بە غازی تایبەت بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانە ٤٠٠ ملیۆن پێی سێجا غاز لە کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت. جەختیشی کردەوە کە غازی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی بەردەستە و هەر بڕێک بۆ کارەبا پێویست بێت، بۆیان دابین دەکرێت.
غاز بۆ بەغدا
سەبارەت بە پرسی فرۆشتنی غاز بە حکومەتی فیدراڵی، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە بڕیار وابووە غازی کێڵگەکە بە عێراق بفرۆشرێت، بەڵام پرۆسەکە بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر نرخ و چەند بابەتێکیتر، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.