سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا؛ کێشەی دارایی یاخود مانۆڕێکی سیاسی بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان؟
٢٥ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، هۆکاری کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بە ئامانجی ئاساییکردنەوە و چاککردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بارزانی هەست بەوە دەکات دوورکەوتنەوەی پێشووتری لە لایەنە عێراقییەکان لەلایەن کەس و هێزە رکابەرەکانەوە قۆستراوەتەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و لەم پێناوەشدا نەرمییەکی زۆری نواندووە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، تەنها بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا سەردانێکی سیاسی بووە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوە و باشترکردنی پێگەی سیاسیی خۆی لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکاندا."