"بڕینی دەستی ئێران لە حکومەتی داهاتوو"؛ میدیا عەرەبییەکان زانیارییەکی پەنجەرە پشتڕاست دەکەنەوە
٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
میدیا عەرەبییەکان زانیارییەکی پەنجەرە پشتڕاست دەکەنەوە، بەوەی ئەمەریکا ڕازی نابێت حکومەتی داهاتووی عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دا بێت و دەبێت پۆستە گرنگ و هەستیارەکانی عێراق بە ڕەزامەندی ئەمەریکا یەکلایی بکرێنەوە.
پێشتر پەنجەرە لە زاری دوو سەرچاوەی عێراقی و ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەمەریکا ڕازی نابێت پۆستە گرنگەکانی حکومەتی داهاتووی عێراق بدرێن بە کەسانی نزیک لە ئێران لە نێویاندا پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەپێی میدیا عەرەبییەکان، ئیدارەی ئەمەریکا جەختیکردووەتەوە دەبێت ئەوان پۆستە گرنگەکانی حکومەتی داهاتووی عێراق یەکلایی بکەنەوە و نابێت ئەو پۆستانە بدرێت بە کەسانێک کە نزیک بن لە نەیارەکانی ئەمەریکاوە وەکو ئاماژەیەک بۆ ئێران.
میدیا عەرەبییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، جگە لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، ئەمەریکا دەیەوێت پۆستەکانی وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری بانکی ناوەندی لەلایەن خۆیەوە یەکلایی بکرێتەوە.