پێش هەڵبژاردن یەکێتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان
٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٩:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بردووەتە سەر سندوقی دەنگدان و لەسەر چۆنیەتی دەنگدان ڕایهێناون، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت ئامانج لەو کارە بۆ ئەوەیە ڕێژەی سوتانی دەنگ کەم بێت.
بەپێی وتەی ژمارەیەک کارمەندی دەزگا سەربازییەکان کە بۆ پەنجەرە قسەیان کرد، پرۆسەیەکی دەنگدانیان بۆ ڕێکخراوە کە هاوشێوەی ئەوانەی ڕۆژی دەنگدان بووە، لە پرۆسەکەدا براونەتە سەر سندوقی دەنگدان و شارەزاییان پێدراوە لەسەر چۆنیەتی دەنگدان، بڕێک پارەش دراوە بە بەشێک لەو هێزانە.
لەبارەی هۆکاری ئەم کارە، بەرپرسێکی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە هەموو هەڵبژاردنێکدا دەنگێکی زۆری دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەسوتێت، چونکە فۆرمی دەنگدانی گشتی و تایبەت جیاوازە.
دەشڵێت: ئەو هێزانە لەسەر چۆنیەتی دەنگدان ڕاهێنراون بۆ ئەوەی ڕێژەی سوتانی دەنگەکانیان کەم بێت.