ڕاوێژکارێکی سودانی: هەژموونی ئێران لە عێراق لاواز بووە
٣٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەدە
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەژموونی ئێران لە عێراق لاواز بووە، لەبەرامبەردا کاریگەریی ئەمەریکا زیاتر بووە.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەژموونی ئێران لاواز بووە و ئەمەریکا زیاتر لە جاران جوڵەی هەیە لە ناوچەکەدا، ئەمەش بەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا ڕەنگدەداتەوە.
وتیشی: چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن ئەمەریکاوە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دا بکرێت، بەڵام چۆنیەتی دەستوەردانەکە هێشتا ڕوون نییە.
ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە پێش چەند ڕۆژێک میدیا عەرەبییەکان زانیارییەکی پەنجەرەیان پشتڕاستکردەوە کە باس لەوەدەکات ئەمەریکا لەئێستاوە مەرجی ئەوەی بەسەر عێراقدا سەپاندووە کە دەبێت حکومەتی داهاتوو دووربێت لە هەژموونی ئێران.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەم خاڵە کردەوە و وتی: ترەمپ نەیشاردەوە دەبێت حکومەتی داهاتووی عێراق بە دڵی ئەوان بێت.
بەمهۆیەشەوە پێیوایە کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کێشمەکێشی زۆر لەسەر ڕوودەدات، چونکە وەکخۆی وتی: "پرۆسەیەکی ئێجگار قورس ئاڵۆز دەبێت، بەهۆی کێشەی ناوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکییەوە."