"2 ئامانج دەپێکێت"؛ پارتی بەتەمای 1 ملیۆن دەنگە
٣٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی بەدەستهێنانی سەرووی یەک ملیۆن دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، شارەزایانی بواری سیاسیش هۆکارەکەی بۆ دوو ئامانج دەگێڕنەوە.
پارتی لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دا 31 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشبینی کەمکردنی ژمارەی کورسییەکانی و زۆربوونی ڕێژەی دەنگەکانی دەکرێت، هۆکاری ئەمەش بۆ لەدەستدانی ژمارەیەک کورسی لە نەینەوا دەگێڕدرێتەوە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، پارتی لە ڕێگەی بەدەستهێنانی سەرووی یەک ملیۆن دەنگەوە، دەیەوێت لەسەر ئاستی عێراق خۆی وەکو حزبی یەکەمی خاوەن جەماوەر پیشان بدات، بەوپێیەی هیچ لایەنێکی عێراقی ڕێژەی دەنگەکانی ناگاتە ملیۆنێک دەنگ.
هەروەک ئامانجێکی تری پارتی ئەوەیە تیشکبخاتە سەر دەنگەکانی و چاو لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی لابەرێت، ئەمە جگە لەوەی بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ ئەم حزبە دەکاتە ژمارەیەکی قورس لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا.
لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، کاتێک لەبارەی پێشبینی بۆ ژمارەی کورسییەکانی حزبەکەی پرسیاری لێکرا، هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، خۆی لە باسکردنی ژمارەی کورسییەکانیان بەدوور گرت، بەڵام ڕایگەیاند: یەک ملیۆن دەنگ بەدەستدەهێنین.